لەبارەی بەكارهێنانی ڤاكسینی كۆرۆنا، ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم روونكردنه‌وه‌ ده‌دات

دوایین نوێکردنەوە 2021-02-10 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم لەبارەی بەكارهێنانی ڤاكسینی كۆرۆنا رایگەیاند: خۆپاراستن لێی واجبێكی شەرعییەو بەكارهێنانی ڤاكسین بۆ ئەو مەبەستە لە روانگەی دەقەكانی شەریعەتی ئیسلامەوە دروستەو هیچ كێشەیەكی تێدا نییە.

دكتۆر حەسەن موفتی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی كوردستان لەروونكردنەوەیەكی تایبەت و بەدواداچوونێكی پەیوەست بە بەكارهێنان و وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا، روانگەی شەرعی سەبارەت بەو بابەتە بۆ رای گشتی و موسڵمانان دەخاتە ڕوو، ئەمەش دوای ئەوە دێت، كە لەگەڵ بڵاو بوونەوەی ئەم ڤاكسینەو ناساندنی پێكهاتەكانی دەنگۆی ئەوە بڵاو بوویەوە لەرووی شەرعەوە گومان لە دروستی و نادروستی وەرگرتنی ئەم دژە كۆرۆنایە هەیە.

پرۆفیسۆر دكتۆر حەسەن موفتی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی كوردستان لەروونكردنەوەیەكی تایبەت و بەدواداچوونێكی پەیوەست بە بەكارهێنان و وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا رایگەیاند: هەر دەردێك دەرمانی خۆی هەیەو پێویستە بەمەبەستی چاكبوونەوە موسڵمانان دەرمان بە كاربهێنن و پشتیش ببەستن بەپەروەردگاریان كە لەحەقیقەتدا تەنها ئەو شیفا بەخشە بۆ بەندەكانی، دەرمانەكان تەنها ئەسبابی ئاسایین كە حوكمی خودا بەنێو ئەواندا تێدەپەڕێت، ئەمەیش عەقیدەی زانایانی ئەشاعیرەیە كە سەرمەشقانی ئەهلی سوننەت و جەماعەتن، پاڵپشت بەفەرموودەی پێغەمبەردا (درودی خوای لێ‌ ) هاتووە: " لكل داء دواء، فإذا أصيب دواء الداء برأ بإذن الله عز وجل ".

دەشڵێت: پەتای كۆرۆنای نۆزدەش یەكێكە لەو پەتا كوشندانەی كە لە كوردستان و جیهاندا هەزاران كەسی لەناوبردووە، بۆیە خۆپاراستن لێی واجبێكی شەرعییەو بەكارهێنانی ڤاكسینیش بۆ ئەو مەبەستە لە روانگەی دەقەكانی شەریعەتی ئیسلامەوە دروستەو هیچ كێشەیەكی تێدا نییە.

سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای فەتوا بە پشتن بەستن بە بنەما شەرعیەكان ئاماژە بە چەند بەڵگەو خاڵێكی گرنگ دەكات و دەڵێت: لەبەر ئەوەی ئەم وەرگرتنی ڤاكسینە لە بابی وەرگرتنی چارەسەو خۆپارێزیدایە كە سوننەتە وەك ئاماژەمان پێدا، تەنانەت ئەگەر لە پێكهاتەی ئەو ڤاكسینانەیشدا ماددەیەكی پیس و حەرامكراوی تێدا بەكار هاتبێت چونكە:

یەكەم: قورئان دەفەرموێت دروستە لەكاتی ناچاریدا كەمێك لە حەرام بەكاربهێنرێت لە پێناو پارێزگاری لە خودی مرۆڤەكان، چونكە (حفڤ النفس) مەبەستێكی گەورەی شەریعەتە.

دووەم: بە پێی قاعیدەی فیقهی ئیسلامی ئەگەر دوو زەرەو خراپ و مەفسەدە رووبەڕووی مرۆڤ بوویەوە پێویستە لە سەری زەرەرە گچكەكە یان كەمەكە هەڵبژێرێت بەمەبەستی خۆ پاراستن لە زەرەرە گەورەكە، كە پێی دەگوترێت لای زانایانی شافیعی: (دفع أعظم المفسدتين بأدناهما) یان: (ارتكاب أخف المفسدتين اتقاءً لأعظمهما).

سێیەم: ئەو ماددە كەمەی كە دەگوترێت لەنێو پێكهاتەكانی ئەو ڤاكسینەدایەلە چوارچێوە ئەسڵییەكەی خۆی گۆڕاوەو، بەپێی راپۆرتە پزیشكییەكان: (تحول)ی بنەڕەتی بەسەردا هاتووە، بەهۆی گۆڕانكاری لە ناوەرۆكدا لە ناوەكەی خۆیەوە گۆڕاوە بۆ ناوێكی تر، هەروەك چۆن (سركە) پێشتر بە قۆناغی شەرابدا تێبەڕیوە، بەڵام چونكە بەتەواوەتی لە شەرابەوە دەگۆڕدرێت بۆ سركە دروستە بەكاربهێنرێت. ئەمیش بەو چەشنەیە، قیاسەكەیس بە جامیعی پیسی لە هەردوو حاڵەتەكەدا.

سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای فەتوا بۆ بەرچاوو روونی هاولۆاتیان ئاماژە بەچەند پرسێكی تایبەت و وردی پەیوەست بە بابەتەكە دەكات و دەڵێت: چوار خاڵ وەك روونكردنەوەی شەرعی باس بكەین:

خاڵی یەكەم: بەكارهێنانی ڤاكسین لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر حوكمەكەی دەگۆڕدرێت، واتە لە حوكمی دروسنی و موباحەوە جاری واهەیە بەرەو پێویستی و واجب بوون دەڕوات بۆ كەسێك ئەگەر پزیشكەكان وتیان گەر بەكاری نەهێنێت دەمرێت، بەڵام بۆ كەسانی تر تەنها لە چوارچێوەی موباح و دروستیدا دەمێنێتەوە.

خاڵی دووەم: ئەسڵ وایە بەشێوەیەكی گشتی كە خودا لە شتە حەرامكراوەكانیدا شیفای دانەناوە، بۆیە ناكرێت بۆ كاتی ئاسایی و نامەترسیدار هیچ جۆرە حەرامێك بەكار بهێنرێت بە مەبەستی شیفابەخشی، یان بە عەقیدەی ئەوەی كە خودی دەرمانەكە شیفابەخشە، بەڵام لە كاتی مەجبوریدا وەك گوتمان حوكمە گشتییەكە دەگۆڕدرێت، بۆیە بەكارهێنانی ئەسپرتۆ هەروەها دەرزی بەنج وبێهۆشكردنی نەخۆش بۆ كاتی نەشتەرگەری هەمان حوكمی هەیە، كە لە كاتی ئاساییدا حەرامەو لەكاتی پێویستی و زەرورەتدا بە پێی پێویست دروستە.

خاڵی سێیەم: پێویستە ناوەندەكانی متمانەپێكراوی پسپۆڕی پزیشكی لە كوردستان یان لە جیهاندا متمانە بدەنە خەڵكی كە ئەو ڤاكسینەی بۆ كۆرۆنا بەكاردەهێنرێت هیچ كاردانەوەو دەرهاوێشتەیەكی كوشندەو مەترسیداری تری نییە لە ئاینەدەی كەسی بەكارهێنەردا. ئەگەر نا دروست نییە بەكاربهێنرێت، ئەو بابەتەیش تەنها لای پزیشكانی متمانەداری پسپۆڕدا یەكلا دەكرێتەوە، لە پاشە رۆژدا لایەنی پەیوەندار لەو كەیسە بەرپرسە.

خاڵی چوارەم: لەگەڵ وەرگرتنی ڤاكسیندا پێویستە بەردەوام پشت بەستین بە لوتف و بەزەیی و قودرەتی پەروەردگار، هەروەها وەرگرتنی ڤاكسین بەو مانایە نییە كە ئیتر خۆپارێزی فەرامۆش بكرێت، چونكە بەردەوام خۆپارێزی باشترە لە چارەسەر، خودای میهرەبان هەموو لایەك پارێزراو بكات.