ناتۆ توركیای ناچار كرد پشتگیری لە پلانی باڵتیك بكات

دوا نوێکردنەوە: 2019-12-10 00:00:00 - سەرچاوە: باسنیوز

 

بەر لە كۆبوونەوەی لوتكەی ناتۆ لە لۆندرا، رەجەب تەییب ئەردۆغان وەكو هەڕشەیەك بۆ وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ، ئاماژەی دا كە ئەگەر بێت و ناتۆ یەپەگە و پەیەدە بە تیرۆرست ناو نەبات و لەوڕوەوە پاڵپشتی لە توركیا نەكات، توركیا لە ناتۆ پشتگیری لە پلانی بەرگری باڵتیك ناكات، كە مەبەست لێی پاراستنی پۆلۆنیایە. بەڵام راوێژكاری سەركۆماری پۆڵۆنیا دەڵێت توركیا لە ناتۆ پشتگیری لە پلانی باڵتیك كردوە.

رۆژنامەی (سۆڵ)ی توركی لەسەر زاری (Krzysztof Szczerski) راوێژكاری سەركۆماری پۆڵۆنیا بڵاوی كردوەتەوە، كە توركیا لە ناتۆ پشتگیری خۆی بۆ پلانی بەرگری باڵتیك دەربڕیوە، كە مەبەست لێی پاراستنی پۆلۆنیایە لە ئەگەری پەلاماردانی رووسیا بۆ پۆڵۆنیا.

ئەو راوێژكارە دەڵێت: ”لە ناتۆ هەر بڕیارێك بدرێت پاشگەزبوونەوەی نییە، توركیاش بڕیاری داوە پاڵپشتی لەو پلانە بكات و ڤیتۆی نەكردوە، چونكە ئەمە بابەتێكی سەربازییە و ناكرێت بڕیار بدەیت و پاشان لێی پەشیمان ببیتەوە“.

باسی لەوەش كرد كە ئەو پلانە بەرگرییە لە بەرژەوەندی توركیاشە، چونكە توركیاش دەپارێزرێت لە ئەگەری هەر هێرشێك بۆ سەری.

بە گوێرەی زانیارییەكانی چەند میدیایەكی توركی، توركیا كاتێك گوتویەتی یەپەگە تیرۆرستە و پێوستە هاوكاری توركیا بكەن بۆ لەناوبردنی، وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ گوتویانە، ئەوەی ئێوە باسی دەكەن كێشەیەكی ناوەخۆیی توركیایە لەگەڵ كورددا، بۆیە هیچ وڵاتێك هەڕەشە نەبوە بۆ توركیا تا ناتۆ دەستوەردان بكات، هەر كاتێك وڵاتێك هەڕەشە بوو بۆ سەر توركیا، ئەوكات ناتۆش پشتگیری لە توركیا دەكات.

لە لایەكی ترەوە، ماڵپەری (حوریەت) ئاماژەی داوە، كە توركیا زۆر هەوڵی داوە تا یەپەگە و پەیەدە بە تیرۆرست بناسێنێت لە ناتۆ، بەڵام هەوڵەكانی بێسوود بوون، چونكە ناتۆ یەپەگەی بە هاوپەیمان داناوە دژی گرووپی تیرۆرستی داعش و گوتویانە ئێمە نیگەرانین كە توركیا هێرشی بۆ سەر ئەوان دەست پێكردوە، چونكە مەترسی داعش لە سووریا و عێڕاق كۆتایی پێ نەهاتووە.

هەر بە گوێرەی زانیارییەكانی ماڵپەڕی (BBC)ی توركی، یەكێك لەو پرسانەی زۆر گرنگ بوە لە كۆبوونەوەی لوتكەی ناتۆدا، بابەتی كڕینی مووشەكی بەرگری S400 بوە كە توركیا لە رووسیای كڕیوە، ئەوان گوتویانە دەبێت توركیا لێی پاشگەز ببێتەوە.

وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ بە تایبەت یۆنان و ئەڵمانیا و فەڕەنسا، داكۆكیان كردوە كە توركیا پەشیمان ببێتەوە لە كڕینی مووشەكی بەرگری S400، بەڵام توركیا گوێی پێ نەداون و رەجەب تەییب ئەردۆغان گوتویەتی ئەمە بابەتێكە لە لایەن توركیاوە كۆتایی پێ هاتوە و لێی پەشیمان نابینەوە.

هەر بە گوێرەی شڕۆڤەی سیاسییەكانی توركیا، تاوەكو ئێستا نێوانی توركیا و ناتۆ باش نەبوەتەوە، بەڵكو ئەوان لەسەر زۆر بابەتی سەرەكی ناكۆكن و نەگەیشتوونەتە رێككەوتن، نموونە بابەتی S400 و ناساندنی یەپەگە وەكو تیرۆرست و نزیكبوونەوەی توركیا لە رووسیا و پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و بەرتەسككردنەوەی ئازادی تاك.