هەولێر.. پزیشکانی ددان گردبوونەوە

دوا نوێکردنەوە: 2021-02-11 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

ژمارەیەک پزیشکی ددان لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەولێر لەهەمبەر بڕیارێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.

ناڕەزایەتی پزیشکەکان دوای بڕیاری دووبارە دابەشکردنەوەی شوێنی کارکردنیان هات کە سەرجەمیان بەهۆی نەبوونی دامەزراندن و کەمی پزیشک جارێکی دیکە لە بنکە تەندروستی و نەخۆشخانەکانی دەرەوەی شار دانراونەتەوە و داوا دەکەن بهێندرێنەوە بۆ ناو شار.

نوێنەری پزیشکانی خۆپیشاندەر، هەڵدێر عەبدولقادر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا بەیاننامەی ناڕەزاییەتی پزیشکانی خوێندەوە و گوتی: "دوابەدوای دەرچوونی بڕیارێک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەولێر لە بەرواری حەوتی شوبات سەبارەت بە دووبارە دابەشکردنەوە و گواستنەوەی پزیشکانی شارەزای ددان بۆ ئەو شوێنانەی کە پێشتر وەک پزیشکی ددانی پلەبەند تیایدا دەستبەکاربوون لە دەرەوەی شار بەبێ رەچاوکردنی هیچ پاڵپشتییەکی یاسایی بۆ بڕیارەکە، هەڵوێستی یاسایی خۆمان دەردەبڕین و ئامادەین هەموو رێکارێکی یاسایی بگرینەبەر دژبەم بڕیارە، چونکە بەپێی یاسای فەرمانبەران بڕیارەکە تەواو پێچەوانەی یاسایە لەبەرئەوە ئەم گردبوونەوەیەمان ئەنجامداوە".

گوتیشی: "ئەگەر وەڵامیشمان نەدرێتەوە و کێشەکەمان بۆ چارەسەر نەکرێت، هەڵوێستی دیکەمان دەبێت و بایکۆتی دەوام دەکەین و رێکاری یاساییش دەگرینە بەر".

هەڵدێر عەبدولقادر راشیگەیاند "ئەو پزیشکانەی ئەم بڕیارە دەیانگرێتەوە بەگشتی نزیکەی ٢٥٠ پزیشکین، بەپێی یاسا هەر پزیشکێکی ددان کە زانکۆ تەواو دەکات دووخولی هەیە، خولێکی موقیمی کە ساڵێکە و خولێکی پلەبەندیش دوو ساڵ، ئەم خولەیان واباوە لە دەرەوەی شار ئەنجام دەدرێت، هەرکەسێکیش ئەم خولەی تەواوکرد ناونیشانەکەی دەبێتە پزیشکی ددانی شارەزا و راژەکەی دەگوازرێتەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی بەپێی شوێنی جوگرافی، بەڵام ئێستا لەبەر ئەوەی پێنج ساڵە پزیشکانی ددان و ئەوانەی کۆلێژەکانی پزیشکی ددانیان تەواو کردووە دانەمەزراون لەبەرئەوەیە کە ئەو شوێنانەی لە دەرەوەی شارن بۆشایی تێدا دروستبووە و پزیشکی دیکە نییە بیخەنە جێگایان بۆیە بڕیاریانداوە کە ئێمە لەسەر ئەو شوێنانە دابەشبکەنەوە کە پێچەوانەی یاسای فەرمانبەرانە".