پارتی: پەکەکە شەڕیان پێ ناکرێ و هەر لە هەڵاتندان، خەتای ئێمه‌ نییە

دوا نوێکردنەوە: 2021-02-11 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

وتەبێژی پارتی رایگەیاند: پارتی پەیوەندیی بەم شەڕانەوە نییە و، هیچ ڕێگەشی لە پەکەکە نەگرتووە كە شەڕ بكات یان نا. کە شەڕیان پێ ناکرێ و هەر لە هەڵاتندان هیچ خەتای پارتی نییە و با واز لەو تۆمەتە بێ بنەمایانە بهێنن.

مەحموود محەممەد وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تۆمەتیی هاوکاریکردنی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنی ئاگری کە لەلایەن کەجەکەوە تۆمەتبار دەکرێن رەتدەکاتەوە. گوتەبێژی پارتی دەڵێت، پارتی پەیوەندیی بەم شەڕانەوە نییە و، هیچ ڕێگەشی لە پەکەکە نەگرتووە كە شەڕ بكات یان نا. کە شەڕیان پێ ناکرێ و هەر لە هەڵاتندان هیچ خەتای پارتی نییە و با واز لەو تۆمەتە بێ بنەمایانە بهێنن.

کەجەکە پارتی تۆمەتبار کردبوو بەوەی کە بەبێ رەزامەندیی ئەوان تورکیا ناتوانێت لە چیای گارە سەرباز بجووڵێنێت و رایگەیاندووە: ناوچەى گارە زۆر لە سنووری تورکیا دوورە و لە نێو باشووری کوردستاندایە. هەموو کات لە دژی گارە هێرشی ئاسمانی ئەنجامدراوە. ئەوە یەکەمجارە لە عەرزەوە سەربازیان نارد و دەستیان بە جموجۆڵی داگیرکەری کرد. بێگومان بۆ ئەوەى جووڵەیەکی داگیرکەری لە دژی گارە ئەنجام بدرێت، دەبێت رێگاپێدان و پەسندکردنی لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)ەوە هەبێت.

وتەبێژی پارتی ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت: وێڕای ڕەتكردنەوەی ئەو قسە و تۆمەتە بێ بنەمایانە، جەخت لەوە دەكەینەوە كە پارتی هیچ پەیوەندیی بە ناكۆكی و گرژییەكانی نێوان ئەو دوولایەنەوە نییە. لە ڕاستیدا، ئەوە پەكەكەیە كە دەستی سوپای توركیای ڕاكێشاوەتە ناو هەرێم و ئاڵۆزی و تێكدان و ناسەقامگیری بۆ هەرێم گواستووەتەوە. كە پەكەكە شەڕی توركیای لەناو خاكی توركیادا نەكردووە و بەردەوام لە هەڵاتندایە و خەڵكی تر بە دوای خۆیدا ڕادەكێشێت، پارتی چ تاوانێكی كردووە؟.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، پێمان وایە باشترین چارەسەری بۆ ئەو ناسەقامگیرییە ئەوەیە كە پەكەكە بەڵای خۆی لە كۆڵی هەرێمی كوردستان بكاتەوە و چیتر نەبێتە هۆی ناسەقامگیری و تێكدانی ژیانی هاووڵاتیانی هەرێم.

رۆژی چوارشەممە 10-2-2021 سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی لە چیای گارە لە باشووری کوردستان دەستپێکردووە کە بە "چنگی پڵنگ 2" ناسراوە. سەربازانی تورکیا بە هێلیکۆپتەر دابەزێنراون و شەڕێکی قورس لە نێوان گەریلاکانی پەکەکە و سەربازانی تورکیا دەستی پێکردووەو تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.