ئه‌مریكا ئیدانه‌ی قه‌ده‌غه‌كردنی په‌خشی كه‌نالی BBC كرد له‌ چین

دوایین نوێکردنەوە 2021-02-12 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، نێد پرایس ئیدانه‌ی قه‌ده‌غه‌كردنی په‌خشی BBCی به‌ریتانی كرد له‌ چین.

پرایس به‌ توندی ئیدانه‌ی بڕیاری كۆماری میللی چینی كرد بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی په‌خشی BBC World News.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ چین یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ی به‌ توندترین شێوه‌ ئازادییه‌كانی میدیا و ئینته‌رنێت زۆر سنووردار ده‌كات و داوای له‌و وڵاته‌ كرد واز له‌و سیاسه‌تی سنووردارییه‌ بهێنێت.

تۆڕی جیهانیی ته‌له‌ڤيزیۆنی چین رایگه‌یاند كه‌ به‌ پاساوی "پێشێلكردنی راستگۆیی و بێلایه‌نی له‌ كاری رۆژنامه‌وانیدا" په‌خشی BBCی راگرتووه‌ كه‌ له‌ چه‌ند هه‌واڵێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ دابوو كه‌ توركه‌ ئویگوره‌كان به‌ زۆر له‌ كه‌مپه‌كان ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كرێن و ئازار ده‌درێن و ده‌ستدرێژیش ده‌كرێته‌ سه‌ر ژنانی ئویگور.