كەركووك-KDP.info- بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركووك رایگەیاند، لە چوارچێوەی پڕۆسەی تەعریبدا، 13 هەزار خێزانی عەرەب هاوردەی كەركووك كراون و 30 بەرپرسی كوردیش لەسەر كار لادراون.
مەهدی موبارەك، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، پڕۆسەی تەعریب لە كەركووك بە شێوەیەكی چڕ بەردەوامە و رۆژانە عەرەب هاوردە دەكرێن، پارێزگار و ئیدارەش هەموو ئاسانكارییەكیان بۆ دەكەن لە هاوردەكردن و گواستنەوەی پسوولەی خۆراك و پێدانی زەویی زێدەڕۆ بەو عەرەبانە، بۆیە تا ئێستا 13 هەزار خێزانی عەرەب لە پارێزگاكانی دیكەی عێراقەوە هاوردە كراون، كە ئەمە تەنها بۆ ناو سەنتەری كەركووك و لە ئێستاشدا خەڵكی دەوروبەری كەركووكیش دەهێننە ناو كەركووك، بۆ ئەوەی رێژەی عەرەب زۆر بێت.
موبارەك گوتیشی، جگە لە هاوردەكردنی عەرەب، 30 بەڕێوەبەری كوردیشیان لە كاری خۆیان دوور خستووەتەوە و بەردەوامیشن لە هەر شوێنێك كوردێك هەبێت، لایدەبەن.
ناوبراو باسی لەوەش كرد، شاری كەركووك سیمای كوردستانیبوونی پێوە دیار نەماوە و تەواو كردوویانە بە شارێكی عەرەبی، چونكە ئێستا لەناو كەركووك رێژەی عەرەب زیاتر بووە لە كورد، بۆیە دەیانەوێت لە ئەنجومەنی پارێزگا ئەوان ببنە زۆرینە.
بڵند ئیبراهیم