حکوومەت قەرزەکانی لای شاسوار عەبدولواحید و وەبەرهێنەرانی دیکەش وەردەگرێتەوە

دوا نوێکردنەوە: 2019-12-10 00:00:00 - سەرچاوە: باسنیوز

گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی: ئەگەر قەرزەکە نەدەنەوە دەست بەسەر موڵک و ماڵیاندا دەگیرێت

لەبارەی وەرگرتنەوەی قەرزی خاوەن کۆمپانیا و وەبەرهێنەرەکان لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت ئەگەر قەرزەکە نەدەنەوە دەست بەسەر موڵک و ماڵیاندا دەگیرێت.

 

دوێنێ (باسنیوز) لە هەواڵێکیدا بڵاویکردەوە کە شاسوار عەبدولواحید ، خاوەنی کۆمپانیا نالیا بڕی ٤٠ ملیۆن دۆلاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان قەرزارە کە هی سەردەمی کابینەی شەشەمە کە بەرھەم ساڵح، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بووە، بۆ ئەو مەبەستە لیژنەی دارایی پەرلەمان کۆبوونەوەی سەبارەت بە چۆنیەتی وەرگرتنەوەی قەرزی وەبەرهێنەران ئەنجامداوە.

 

لەلایەن خۆیەوە پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی "یەکێک لە لەو کەسانەی کە قەرزاری حکوومەتی هەرێمن سەرۆکی حزبێکە و قەرزەکەش بڕی ٤٢ ملیۆن دۆلارە" کە ئەمەش مەبەستی لە شاسوار عەبدولواحید خاوەنی کۆمپانیای نالیایە.

 

هەورامانی نووسیویەتیشی"حكوومەتی هەرێم بڕیاریداوە بە وەرگرتنەوەی ئەو قەرزەی كە لەلای سەرمایەدارانە كە بڕەكە ۷٤۱ ملیار دینارە و ئەگەر پارەكە نەدەنەوە دەخرێنە لیستی ڕەش و دەست بەسەر موڵك و ماڵیاندا دەگیرێت".


دوێنێ دووشەممە ٩ی ١٢ی ٢٠١٩، لیزا فەلەکەدین کاکەیی، ئەندامی لێژنەی دارایی و ئابووریی پەرلەمانی کوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند، لیژنەکەیان دوو کۆبوونەوەی ئەنجام داوە و تیایاندا باسیان لە رێکارەکانی دانەوەی ئەو قەرزانەی حکوومەت لای وەبەرھێنەرەکان کردووە و یەکێک لەو کەسانەی قەرزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، شاسوار عەبدولواحیدە کە ٤٠ ملیۆن دۆلاری موڵکی گشتی قەرزارە.

 

پێشتر وەزارەتی دارایی بە واژۆی رێباز محەمەد حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری لەسەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕان لە نووسراوێکدا بە ژمارە ١٠٥٩٤ی پێ دراوە، لە رێکەوتی ٥/٨/٢٠١٥، فەرمانی دەرکردووە بە پێکھێنانی لیژنەیەک بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پارەیە، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخەی لە ساڵانی ٢٠١٥ە و دواتردا لە هەرێمی کوردستان هەبوو، پارەکە وەرنەگیرایەوە.