رابیته‌ى ئیسلامى كورد راگه‌یه‌نراوێكى بڵاوكرده‌وه‌

دوایین نوێکردنەوە 2021-02-13 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

رابیته‌ى ئیسلامى كورد راگه‌یه‌نراوێكى بڵاوكرده‌وه‌و رایگه‌یاند: لە كۆنگرەی 26 هەمین رێكخراوی رابیتەدا لە ڕۆژی 26/8/ 2019 لە شاری سلێمانی ئەنجام درا، لەبەر هەندێ‌ فاكتەر و هۆكاری خودی و بابەتی، كۆنگرە بڕیاری هەمواركردنەوەی ناوی رێكخراوەكەی لە ( رابیتەی ئیسلامی كورد )ەوە بۆ ناوی ( رێكخراوی رابیتەی مرۆیی ) بە كۆی دەنگ پەسەندكرد.

راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه‌، لای هەمووتان ئاشكرایە بۆ نزیكەی 33 ساڵە رابیتەی ئیسلامی كورد بەسەرۆكایەتی پڕۆفیسۆر د. عەلی قەرەداغی لە پێشەنگی ئەو ڕێكخراوانە بووە كە خزمەتی بە گەلی كوردستان كردووە، لە ڕۆژانی سەختی ئابڵوقەی ئابوری دەساڵی كۆتایی سەدەی رابردوەوە تا ئەمڕۆ لە خزمەت و پڕۆژە خێرخوازی یەكانی بەردەوامە، لە چەندین بواری جۆراوجۆردا پەنایەكی ئارام و ئامێزی گەرمی نەداران بووە.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، (1392) پڕۆژەی ئاوەدانكردنەوەی جۆراوجۆر(مزگەوت، قوتابخانە، نەخۆشخانە، پڕۆژەی ئاو )ی پێشكەش حكومەتی هەرێم و هاوڵاتیانی كوردستان كردووە، ساڵانە كفالەتكردنی (10) دەهەزا منداڵی بێ باوك ـ نازداری ئەنجام داوە. دروستكردنی (29) خانوو بۆ بێ‌ باوكان تەنها لە دووساڵی 2019 و 2020دا، هاوكاری هەزاران خێزانی هەژار و نەدار و ئاوارە و پەناهەندەی كردووە.

پاش فەزڵی خوای گەورە، بە جوهد و كۆششی بەڕێز سەرۆكی رابیتە و پشتیوانی ئێوەی خێرخواز و مرۆڤ دۆست هۆكاری بەردەوام بوونی ئەم پڕۆژانەیە و تا ئێستاش سوپاس بۆ خوا لە گەشەكردن و زیادبوندایە .

لێرەوە بە ئێوەی بەڕێزی رادەگەیەنین :

لە كۆنگرەی 26 هەمین رێكخراوی رابیتەدا لە ڕۆژی 26/8/ 2019 لە شاری سلێمانی ئەنجام درا، لەبەر هەندێ‌ فاكتەر و هۆكاری خودی و بابەتی، كۆنگرە بڕیاری هەمواركردنەوەی ناوی رێكخراوەكەی لە ( رابیتەی ئیسلامی كورد )ەوە بۆ ناوی ( رێكخراوی رابیتەی مرۆیی ) بە كۆی دەنگ پەسەندكرد، لیژنە ی تایبەتی بۆ فەراهەم كردنی كارە یاسایی و كارگێڕی یەكان راسپارد، پاش ئەوەی ئەم ناوە نوێ‌ یە لە ئەڵمانیا تۆماركرا .

31 / 1 / 2021 كاری لیژنەكان بە پایان گەیشت، رێكخراوەكە بەناوی ( ڕێكخراوی ڕابیتەی مرۆیی ) لە هەرێمی كوردستان تۆماركرا.

مەبەست لەم هەمواركردنە سوودی گشتی هاوڵاتیانە.

بە پشتیوانی خوای گەورە و پاشان جوامێری و بەخشندەیی ئێوە لە پێناوی باشتركردنی پڕۆژەی مرۆڤ دۆستی وخێرخوازی، رێكخراوی رابیتەی مرۆیی لە خزمەتی گشتی بەردەوام دەبێت.