هەولێر-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمان دەڵێ، ئەو راپۆرانەی لەسەر ئەو ناوچانە و مەترسییەكانی ئامادەیان كردووە، رادەستی unو كۆنسووڵخانەی وڵاتانیان لە هەولێر كردووە و چاوەڕێی وەڵامیانن، ئاماژەی بەوەش دا، كاتێك حكوومەتی نوێی عێراق دەستبەكار بوو، لەگەڵ ئەوانیش گفتوگۆكانیان دەست پێدەكەنەوە.
جوان یوونس رۆژبەیانی، لە لێدوانێكیدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "وێڕای باسكردنی تەعریب و داگیركردنی زەویوزاری كورد لە كەركووك و ناوچەكانی دیكە لە راپۆرتەكانیاندا، بوونی مەترسییەكانی داعش لەو ناوچانە باسێكی گیرنگی نێو راپۆرتەكانیان بووە، كە تێیدا داویان كردووە هێزێكی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچەكە، بەو پێیەی هێزە ئەمنییەكانی عێراق ناتوانن ئەو ناوچانە بپارێزن، بۆیە داعش لەو سنوورانە سەر هەڵدەدەنەوە.
سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، ئاماژە بەوەش دەكات، لە دوای دروستبوونی ئەو لیژنەیە، لەگەڵ لایەنە حیزبییەكان و بە تایبەتیش لەگەڵ پارتی لەسەر هێڵن، بەو پێیەی هەندێ حزبی دیكە لە كەركووكدا بوونیان هەیە، بەڵام كاریگەرییەكی ئەوتۆیان نییە، هاوكات چەند كۆبوونەوەیەكیشیان ئەنجام داوە، كاری باش لەسەر ئەو ناوچانە كراوە، جەختیشی لەوە كردەوە، لە داهاتوویەكی نزیكدا رەوشی ئەمنییەتی كەركووك باش دەبێت، ئیدی چ بە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە، یا رێگەدان بە پاراستنی ناوچەكە لە رێی پێكهاتەكانییەوە، كە وەك خۆی گوتی: "لە راپۆرتەكانماندا ئەو داوایەمان كردووە".
ناوبراو تیشك دەخاتە سەر ئەوەی كە راپۆرتەكانیان ئاڕاستەی unو كۆنسووڵخانەی ئەو وڵاتانە كردووە، كە لە هەولێر بوونیان هەیە و چاوەڕێی وەڵامی ئەوان دەكەن، روونیشی كردەوە كە بە هۆی بارودۆخی ئێستای عێراق، گفتوگۆیان لەگەڵ بەغدا راوەستاوە و چاوەڕێی پێكهێنانی كابینەی نوێ دەكەن، تا دووبارە لەگەڵ لیژنەی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا، گفتوگۆكانیان سەبارەت بەو ناوچانە دەست پێ بكەنەوە و لە رێی ئەو لیژنەیەشەوە داوا بكرێ هەرچی زووە، كار بۆ سەقامگیری باری ئەمنیی كەركووك و دەوروبەری بكرێت، بەو پێیەی داعش لەو سنوورانەدا سەری هەڵداوەتەوە.
خێڵان بهختیار