راگه‌یاندنی پارێزگای دهۆك وه‌ڵامی مه‌ڵبه‌ندی چواری یه‌كێتی ده‌داته‌وه‌

دوا نوێکردنەوە: 2021-02-15 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌
راگەیاندنی پارێزگای دهۆک لەبارەی دەستگیرکردنی بەشێک لە چالاکوانانی سنووری پارێزگای دهۆک وەڵامی مەڵبەندی چواری یەکێتی لە پارێزگاکە دەداتەوە و رایده‌گه‌ینێت"ئازادی سیاسی و رادەربڕین لەگەڵ جاسووسی، قاچاخچیێتی، فرۆشتنی چەک و تەقەمەنی بە گرووپی چەکدار جیاوازە.


لە ماوەی رابردوودا مەڵبەندی چواری یەکێتی لە دهۆک راگەیێندراوێکی لەبارەی دەستگیرکردنی چالاکڤانان بڵاوکردبوویەوە و لە وەڵامی ئەو راگەیێندراوەش راگەیاندنی پارێزگای دهۆک دەڵێت "گرتن بە بڕیاری دادگە باشترە لە کوشتن، تۆقاندن، سووتان و تەقەکردن لە بارەگای بەڕێوەبەری مەدەنی، بوونی ئارامی و ئاسایش باشترە لە ئاژاوە و بەڕەڵایی. پارێزگای دهۆک خاوەنی هەیە و جێگەی جاسووس، قاچاخچی و ئاژاوەگێڕی تێدا نابێتەوە و پاراستی سەر و ماڵی هاووڵاتیان گرنگترین ئەرکی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە لە چوارچێوەی یاسادا جێبەجێ دەکرێت."

راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ جەختی لەوەکردووه‌ته‌وە، پارێزبه‌ندی یاسایی له‌سه‌ر ئه‌ندامه‌كانی هیچ لایه‌نێكی سیاسی نیه‌،كاتێك توشی سه‌رپێچیه‌كی سیاسی ده‌بن هه‌مووان به‌رامبه‌ر یاسا وه‌ك یه‌ك مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.

ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو، له‌ پارێزگای دهۆك یاسا سه‌روه‌ره‌ ئه‌گه‌ر له‌ شوێنی تر پارته‌كانی سیاسیه‌كان له‌ شوێنی دادگا بڕیار بده‌ن له‌ پارێزگای دهۆك لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان شوێنی دادوه‌ران ناگرنه‌وه‌.


ئەمڕۆ یەکشەممە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە و دواتر لە راگەیێندراوێکدا رایگه‌یاند "سەركۆنەی هەموو جۆرە گرتن و زیندانیكردنێك لەسەر بیروڕای ئازاد و چالاكی سیاسی و مەدەنی كرا، بەتایبەت لە دەڤەری بادینان، بۆیە داوای ئازادكردنی بەپەلەی سەرجەم گیراوان دەكات لە رۆژنامەنووسان، چالاكانی مەدەنی، كادیرانی یەكێتی و حیزبەكانی دیکە.