شاندی دانوستانکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدایە

دوا نوێکردنەوە: 2021-02-15 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

گوتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، سەمیر ھەورامی رایگەیاند کە شاندی ھەرێم، سەرجەم زانیارییەکانی سەبارەت بە داھاتی نەوت و نانەوتی بۆ بەغدا خستووەتەڕوو.

ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، جارێکی دیکە شاندی باڵای دانوستانکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێم، قوباد تاڵەبانی بۆ جێگیرکردنی پشکی ھەرێم لە بوودجەی 2021دا، گەیشتەوە بەغدا.

لەمبارەیەوە سەمیر ھەورامی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا گوتی: شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێم، قوباد تاڵەبانی لە بەغدایە بۆ ئەوەی درێژە بە گفتوگۆکانی بدات لەگەڵ لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لایەنە سیاسییەکان بە ئامانجی جێگیرکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بوودجەی 2021دا.

گوتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، سەمیر ھەورامی ئەوەی وەبیرھێناتەوە کە شاندی دانوستکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە میانی سەردانەکانی رابردوودا بۆ بەغدا، سەرجەم داتا و زانیارییەکانی سەبارەت بە داھاتی نەوت و نانەوتی و خەرجییەکان بۆ حکوومەتی فیدراڵ و لایەنە پەیوەندارەکان، خستووەتەڕوو و گوتی:

"شاندی ھەرێم بەپێی دەستوور و یاسا بۆ ھەر رێککەوتنێک، ئامادەیە".

پێشتر سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، ئومێد سەباح رایگەیاندبوو کە ئەمجارە شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تا پەسەندکردنی بوودجە لە بەغدا دەمێنێتەوە.