سەرۆک كۆماری عێراق و شاندی هه‌رێم له‌ به‌غدا كۆبوونه‌وه‌

دوا نوێکردنەوە: 2021-02-15 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ئەحمەد ساڵح سەبارەت بە تاوتوێکردنی پرسی بوودجە و مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری حکومەتی ھەرێم بۆ بەغدا، قوباد تاڵەبانی و فراکسیۆنە کوردستانییەکان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا جەختکرایەوە لەسەر گرنگی چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان و گەیشتن بە رێگاچارەی بنەڕەتی و کۆتایی لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا و پاراستنی بژێوی ژیانی سەرجەم ھاووڵاتیاینی عێراق و ھەرێمی کوردستان و مووچەی مووچەخۆران دوور لە ململانێ سیاسییەکان.

نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە ئەمڕۆ، بەرھەم ئەحمەد ساڵح لە بەغدا لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری حکوومەتی ھەرێم بۆ بەغدا قوباد تاڵەبانی و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووە.

بەپێی راگەیەنراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا کە جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەشیر حەداد، و وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حسێن ئامادەی بوون، سەبارەت بە دوایین گۆڕانکارییەکانی دانوستانی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ و چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان گفتوگۆکرا.

ئاماژە بەوەیشدراوە کە لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا، ئامادەبووان پرسە و ھاوخەمی خۆیان بەبۆنەی کۆچی دوایی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و خەباتکاری بە ئەزموون و کەسایەتی ناسراوی کوردستان، رۆژ نوری شاوەیس راگەیاند.

باس لەوەشکراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا جەختکراوەتەوه‌ لەسەر گرنگی چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرال و گەیشتن بە رێگاچارەی بنەڕەتی و کۆتایی لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا و پاراستنی بژێوی ژیانی سەرجەم ھاووڵاتیاینی عێراق و ھەرێمی کوردستان و مووچەی مووچەخۆران دوور لە ململانێ سیاسییەکان.

بەپێی راگەیەنراوەکە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بەگرنگییەوە باس لە پاراستنی پشکی ھەرێمی کوردستان کراوە لە بودجەی گشتی ساڵی ٢٠٢١دا و زامنکردنی مافی تەواوی ناوچە و پێکھاتەکان لەسەر بنەمای دادپەروەری و پاراستنی مافی سەرجەم ھاووڵاتییان و پێویستی کۆتایی ھێنان بەقەیرانی مووچە و بژێوی ژیانی خەڵک و کەمکردنەوەی لێکەوتە داراییەکان لەسەر ھاووڵاتییان.