"عەلاوی داوای پشتگیریی لە سەرکردایەتیی سیاسیی کورد کردووە"

دوایین نوێکردنەوە 2020-02-09 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info-  بڕیارە تا کۆتاییی ئەم مانگە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق پێشکەشی پەرلەمان بکرێت و شرۆڤەکارێکی سیاسیش پێی وایە، حکوومەتی نوێی عێراق تەنیا کار بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەختە دەکات و دەشڵێ، عەلاوی داوای پشتگیریی لە کورد کردووە.

حەیدەر شێخ کەمال، شرۆڤەکاری سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق تەنیا بۆ دەربازکردنی قۆناغی ئێستایە بەرەو ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق و ئەرکی سەرەکیی حکوومەتی نوێی عێراق خۆئامادەکردنە بۆ ھەڵبژاردن، چونکە یاسای نوێی ھەڵبژاردن گۆڕانکاریی بەسەردا ھاتووە و لە ھەڵبژاردنی ڕابردوو جیاواز دەبێت."

ئەو شرۆڤەکارە گوتیشی: "زیادکردنی بازنەی ھەڵبژاردن گۆڕانکاریی نوێ پەیدا دەکات لە عێراق، بۆ نموونە، پێشتر عێراق ھەمووی بەسەر ھەژدە بازنەی ھەڵبژاردندا دابەش کرابوو، بەڵام ئێستا ١٥٠ بازانەی ھەڵبژاردن ھەن و قەزاکان کراون بە بازنە، نوێنەری ھەموو قەزاکان دەچێتە نێو پەرلەمانی داھاتووی عێراق."

شێخ کەمال ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "سیاسییەکانی عێراق کەوتوونەتە گێژاوەوە و تەنیا دەیانەوێت عێراق قۆناغی ئێستا تێ پەڕێنێت، ئەوەش ھۆکارێکە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق توانای جێبەجێکردنی داخوازییەکانی خەڵکی عێراقی نەبێت، بەڵام دوای ھەڵبژاردن حکوومەتێکی بەھێز لە عێراق دروست دەبێت."

پەیوەست بە ڕۆڵی کورد، حەیدەر شێخ کەمال دەڵێت: "محەمەد عەلاوی، کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێکھێنانی حکوومەت پەیوەندیی بە سەرکردایەتیی سیاسیی ھەرێمی کوردستانەوە کردووە و داوای ھاوکاریی لە کورد کردووە بۆ ئەوەی پشتگیریی حکوومەتەکەی بکەن، لەم قۆناغەدا حکوومەت و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بە مەرجی گێڕانەوەی شایستە داراییەکانی کوردستان و جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور و چاوخشانەوە بە داگیرکارییەکانی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر، پشتگیری لە حکوومەتی نوێی عێراق دەکەن."

قائید میرۆ