ئه‌و گروپه‌ى موشه‌كه‌كانى ئاراسته‌ى هه‌ولێر كرد، راگه‌یه‌نراوێكى دیكه‌ى بڵاوكرده‌وه‌

دوا نوێکردنەوە: 2021-02-16 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

ئەو گروپەی کە ناوی خۆیان ناوە "سرایا أولیا‌و الدم" و بەرپرسیارێتی هێرشە موشەکییەکەی شەوی ڕابردووی هەولێریان لە ئەستۆگرت ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت: ویستمان بە هەندێک لە سیاسییەکانی کوردی بڵێین کە ڕێگای هەڵەتان گرتووە و ئەگەر ڕاستی نەکەنەوە، ئەوە ئێمە بەو موشەکانە ڕاستتان دەکەینەوە کە لە هەرێمی کوردستان و بە تایبەت لە هەولێر خەزنمان کردوون.

گروپەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، داگیرکەری ئەمریکا سەلامەت و سەقامیر نابێت تەنانەت ئەگەر بنکە سەربازییەکانیشیان ناو حکومەتێکی بەکرێگیراو.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، ئێوە ئەى سەرکردە کوردەکان پێشوازیتان لە سوپاى داگیرکەری تورکیا کردوە و تائێستاش دەیکەن لە عێراق، مەسعود بارزانیشى به‌وه‌ تۆمه‌تبار كردووه‌ هاوكارى تورکیاى كردووه‌ بۆ هاتنە ناو خاکى عێراق.

هەروەها جەخت دەکەنەوە کە "سەرجەم هاوڵاتیانی و سەربازیی گەلى کورد برا و خۆشەویستمانن، جگە لە بنکە سەربازییەکانی داگیرکەری ئەمریکا و تورکى و ئیسرائیلى هیچ شتێکى تر ناکەینە ئامانج."

ئەو گروپە کە هێشتا ناسنامەی تەواوی دیار نییە دەڵێت، "ئێمە بە کوچە و کۆڵانەکانى هەولێرى خۆشەویستدا دەگەڕێین و لە خانو و هۆتێلەکانیدا نیشتەجێین و بیر لە ئازاردانى کەس ناکەینەوە، لێرەوە خەڵکەکەمان و براکانمان لە هێزە ئەمنیەکان ئاگادار دەکەینەوە کە لە بنکە و بارەگاکانى داگیرکارى ئەمریکا و تورکى و ئیسرائیلى دوربکەونەوە."

باسیان لەوەش کردووە کە "هەوڵى بێبەهاکردن و بچوککردنەوەى هێرشەکانمان خوییەکی میدیای دوژمنە کە پێى ڕاهاتووین، لە ڕاستیدا گەورە ئەفسەران و سەبازانى ئەمریکى لە هێرشەکەدا کوژراون، تەلار و کۆگا و فڕۆکەى داگیرکەر سوتاون و بوون بە خۆڵەمێش و هەندێکیان تا چەندین کاتژمێر بەردەوام تەقیونەتەوە."

گروپی "سرایا اولیا‌و الدم" دەشڵێت، "جۆرى موشەکەکان و چۆنێتى تەقاندنیان داگیرکارى ترساندووە بەجۆرێک شوێنى تەقاندنەکەیان بۆ نەدۆزرایەوە تا ئەو کاتەى "سرایا اولیا‌و الدم" بە بەیاننامەکەى پێشتر وردەکارى هێڕشەکە و شوێنەکەى ئاشکرا کرد."

لە کۆتاییدا جەختیان لەوەکردووەتەوە کە "فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر هەمیشە پارێزراو دەبێت و هەرگیز نایکەینە ئامانج، ئەگەر ئەوەمان بویستایە ئەوا زۆر ئاسانتر دەبوو."