هاوپەیمانی هیوا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە

دوایین نوێکردنەوە 2021-02-16 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

هاوپەیمانی هیوا راگەیەنراوێکی لەبارەی هێرشە موشەکییەکانی شەوی رابردووی سەر شاری هەولێر و سزادانی ئەمڕۆی دەستگیرکراوانی بادینان بڵاوکردەوە 

هاوپەیمانی هیوا لەبارەی هێرشە موشەکییەکانی شەوی رابردووی سەر شاری هەولێر و سزادانی ئەمڕۆی دەستگیرکراوانی بادینان رایگه‌یاندووه‌: هەردو رووداوەکە زادەی یەک بیرکردنەوەن کە بە دوو ئاڕاستەی جیاواز، بەڵام هاوشێوە و هاوزەمان، ئارامی و ئاسایش و، لە هەمان کاتدا ئازادییە گشتییەکان و ئازادیی رادەربڕین، پەلامار دران."

دەقی راگەیەنراوەکەی هاوپەیمانی هیوای کوردستانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق:

ئەمرۆ 16-ی شوباتی 2021 دادگای (2) ی کەتنی شاری هەولێر لەژێر فشاری سیاسی حوکمی زیندانی کردنی (6) ساڵی بەسەر ژمارەیەک لە دەستگیرکراوانی ئازادیخوازی بادینان سەپاند. هەروەها دوێنێ شاری هەولێر کەوتە بە هێرشێکی موشەکیی ترسناک.

ئێمە لە ھاوپەیمانیی ھیوا، حوکمی دادگای (2) کەتنی شاری هەولێر سەبارەت بە کەیسی رۆژنامەنوس شێروان شێروانی و ھاوڕێکانی رەد دەکەینەوە و پێمانوایە سەرتاپای پرۆسەکە سیاسییە و ھەنگاوێکی تری ترسناکە بە ئاراستەی سەپاندنی حوکمی پۆلیسی و ئەمنی لە ھەرێمی کوردستان.

سەبارەت بە هێرشە موشەکیەکەش، سەرەڕای ئیدانەکردنی هێرشەکە داوای لێکۆڵینەوەی بێلایەنەنانە و سزادانی ئەنجامدەرانی ئەو کردە دوژمنکارانەیە دەکەین سەرەڕای دیاریکرنی لایەنی کەمتەرخەم لەم خەرقە ئەمنییە کە بۆتە هۆی دروستکرنی ترس و دڵەراوکێ لە ناو هاوڵاتیانی شاری هەولێر.

هەردوو روداوەکە زادەی یەک بیرکردنەوەن کە بە دو ئاڕاستەی جیاواز، بەڵام هاوشێوە و هاوزەمان، ئارامی و ئاسایش و، لە هەمان کاتدا ئازادییە گشتییەکان و ئازادیی رادەربڕین، پەلامار دران.

هەروەها دوا لە ڕای گشتی کوردستانی و ھێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین لە ئاست سەرکوتی رۆژنامەوانیی و ئازادیی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان بێدەنگ نەبن چونکە دیارە هێزە ستەمکارەکان سود لە بێدەنگیی هەموان دەبینن بۆ بێدەنگکردنی ئازادیخوازان و ئەمەش دەبێت بەری پێبگیرێت.