ئه‌ندامانی كۆنگرێس بۆ هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان داوای هه‌ڵوێستی توند ده‌كه‌ن

دوایین نوێکردنەوە 2019-12-11 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

ئەمەریکا-KDP.info- لەکۆبونەوەیەکی تایبەتی کۆنگرێسی ئەمەریکا سەبارەت بە پرسی عێراق و سیاسەتی ئێستای ئەمەریکا لەم وڵاتەدا، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (جۆو هود) کە وەک شایەتحاڵی سەرەکی بانگهێشتکرابوو بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی ئەندامانی کۆنگرێس، بە ڕوونی باسی لەوە کرد، ئەمەریکا هاوکات لەگەڵ ئەوەی داکۆکی لەسەر داواکانی خۆپیشاندەران دەکات لە عێراق و جەخت لەسەر مافی هاوڵاتیان دەکاته‌وه‌ تا ژیانێکی ئاسوودە و حکوومەتێکی بەهێزی سەربەخۆی باوەڕپێکراویان هەبێ، لەهەمان کاتدا دەیەوێ دەستێوەردان و پیلانەکانی دژ بە بەرژەوەندیەکانی واشنتۆن و سەروەری عێراق و ناسەقامگیری لەناوچەکەدا بنبڕ بکات".

هه‌روه‌ها گووتی: "لەپێناو ئەم ئامانجەشدا وەزارەت و دەزگا پەیوەندیارەکانی ئەمەریکا هەوڵ و تواناکانی خۆیان بەباشی ئامادەکردووە و هەنگاوە دیپلۆماسیەکانیشیان چڕتر کردۆتەوە".

ئەوەی تێبینی كرا لەو کۆبونەوەیەدا زۆرینەی ئەندامانی کۆنگرێس بە دیموکرات و کۆماریەکانەوە لەسەر ئەوە کۆک بوون، هەرێمی کورستانی عێراق مۆدێلکی بەهێزە بۆ دیموکراسی و پێکەوە ژیان و ئاسایش و ئاوەدانی و کۆنگرێسمانەکان داوایان لەوەزارەتی دەرەوە و بەرپرسانی دۆسیەی عێراق کرد لە ئەمەریکا کەوا ئەم تایبەتمەندیە بە گرنگیەوە ڕەچاو بکەن و دەبێ لەدژی هەر هەڕەشەو پیلانێک لەدژی ئەزموونی سەرکەوتنی ئەم هەرێمە هەڵوێستی دەستبەجێ و توندیان هەبێ.

لەم بارەیەوە جۆو هود لە دوای کۆبونەوەکە قسەیکرد و ڕاشکاوانە گوتی: "ئێمە هەرێمی کوردستان وەک مۆدێلێکی نموونە دادەنێین لەناوچەکەدا، بۆیە بە باوه‌ڕێکی زۆرەوە بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی حکومەتی هەرێم و خەڵکی کوردستان، سەبارەت بە عێراقیش بەگشتی، ئێمە لەگەڵ دەنگ و خواستی گەلی عێراقین کەوا دەبێ بە وڵاتانی وەکو ئێران بگوترێ بەسە و ئێمە تەنیا لەگەڵ ئێوە دەمانەێ دۆست و دراوسێ بین".