دیجیتال میدیای سپێده
ئەندامێكی دادگای پێداچونەوەی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئێستا بارودۆخی عەدالەت و یاسا لەخراپترین ئاستدایە لەعێراق بەگشتی و لەهەرێمی كوردستانیش بەتایبەتی.
دادوەر رزگار محەمەد ئەمین لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا رایگەیاند، ئەو حوكمانەی كەلەدادگای تاوانەوە دەردەچێت زۆربەیان پێویستیان بە پێداچونەوەیە لەدادگای تەمیز.
لەبارەی سزادانی پێنج دەستگیركراوەكەی بادینان، دادوەر رزگار محەمەد ئەمین ئاماژەی بەوەكردوە، لەم كێشەیەی ئێستا نازانم چونكە دۆسێیەكەم نەبینیوە،ئاگادار نیم بە چ ماددەیەك حوكم دراون ئەگەر حوكمەكەیان ئەوەی تێدا بێت تەمییز بكرێتەوە ئەوكاتە هەردوو لایەنی كێشەكە، داواكاری گشتی پارێزەرەكانی تۆمەتبارەكان مافیان هەیە داوای پێداچونەوە بكەن لەدادگای تەمییز.
سەبارەت بەهۆكاری دۆخی خراپی دادگەری لەهەرێمی كوردستان دادوەر رزگار محەمەد ئەمین دەڵێت، لەتەمەنی كاركردنمدا لەم دۆخە خراپترم نەدیوە، هۆكارەكە یەكەم كەس بۆ خودی قازی دەگەڕێتەوە قازی لێپرسراوی یەكەمە خۆی كە سوێند دەخوات دەبێت بەوپەڕی ویژدانەوە كاری خۆی بكات.
بەڵام "محاسەسەی" حیزبی ئەوە بابەتێكە لای من سەرنجی لەسەرە دادوەری وا هەیە لەسێبەری هەمان ئیدارە و هەمان حیزبدا دادوەرە و بەباشی ئیشەكانی خۆی دەكات دادوەریش هەیە تەسلیمی ئیراداتی تر دەبێت .