دیجیتاڵ میدیاى سپێده
سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتیمانی رایگەیاند، کاردەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لەرێگەی گفتوگۆوە و کارنامەی ئەوەیان هەیە عێراقێک پێکبهێنن کە کوردستان و بەغدایەکی بەهێزی هەبێت، جەختیش دەکەنەوە لەوەی چارەسەرکردنی پرسی بودجە و ژیانی فەرمانبەرانی کورد ئەرکی هەمو لایەنەکانە.
عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتیمانی لەرۆژی شەهیدانی عێراقدا کەئەمڕۆ یەکشەممە لەهەولێر بەڕێوەچو وتارێکی پێشکەشکردو رایگەیاند، کاردەکەن بۆ یەکڕیزی پێکهاتەکانی عێراق و لەو پێناوەشدا گفتوگۆی گشتگیر و لادانی ناکۆکی و هەستاییەرییەکان بەپێویست دەزانن چونکە، ناکۆکی نێوان کورد و عەرەب عێراق وێران دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، عێراقێک پێکدەهێنین کەهەرێمی کوردستانێکی بەهێزی هەبێت و بەیەکسانی سەیری پێکهاتەکانی ئەم وڵاتە دەکەین، چونکە پەرۆشی ئێمە بۆ سەقامگیری ئەم وڵاتەیە و عێراقی پێشکەوتو بەبێ تەبایی پێکهاتەکان دروستنابێت، هەروەها دەبێت لەیادمان بێت شەهیدانی ئێمە لەپێناوی برایەتیدا خوێنیان رشتوە.
سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتیمانی ئەوەشی خستوەتەڕو، کاربۆ یەکڕیزی پێکهاتەکان دەکەن و جەخت دەکەنەوە لەوەی دەبێت هەوڵەکانی دژی توندڕەوی و پارێزگاری لەناسنامەی عێراقیبون بەردەوام بێت.