وەزارەتی پێشمەرگە: ئەم مانگە لیوا هاوبەشەکان سێ مووچە به‌یه‌كه‌وه‌ وەردەگرن

دوایین نوێکردنەوە 2021-02-22 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە بڵاویکردەوە، لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئەم مانگە سێ موچە بە یەکەوە وەردەگرن، هەروەها کێشەی موچەی لیوای 12ی پیادەش چارەسەر کراوە و لە مانگەوە بەبێ لێبڕین موچە وەردەگرن.

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم لەراگەیەنراوێکدا رایگه‌یاندووه‌، لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئەم مانگە سێ موچە بە یەکەوە وەردەگرن "به‌ ڕێژه‌ى له‌سه‌دا 100% و بێ لێبڕین"

لەراگەیەنراوەکەدا ئه‌وه‌ش هاتووه‌ چارەسەری کێشەی لیوای 12ی پیادە کراوەتەوە و باس لەوەکراوە، "کێشەی موچەی لیوای 12ی پیادەش چارەسەر کراوە و لە مانگەوە بەبێ لێبڕین موچە وەردەگرن".

24ی کانونی دوەمی ئەمساڵیش وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ رایگه‌یاندبوو، هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بۆ باشكردنی ژیان و گوزه‌رانی پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان به‌رده‌وامه‌، له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا پاش راوێژ و گفتوگۆی به‌رده‌وامی راوێژكارانی باڵای هاوپه‌یمانان له‌گه‌ڵ وه‌زیری پێشمه‌رگه‌، دوای ره‌زامه‌ندی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، بڕیاردرا ئه‌و بڕه‌ هاوكارییه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانانه‌وه‌ دابینده‌كرا راسته‌وخۆ بخرێته‌ سه‌ر ژماره‌ حسابی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌.

باس له‌وه‌شكرابوو، له‌رێگه‌ی ژماره‌ حسابی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه‌، بڕی هاوكارییه‌كه‌ وه‌ك خۆی به‌بێ ده‌ستكاریكردن دەدرێت به‌لیوا هاوبه‌شه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌.