دیجیتاڵ میدیاى سپێده
ئەنجوومەنی شارەزایانی ئێران، ئاشکرایکرد جارێکی دیکە لەگەڵ ئەمریکا سەبارەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی دانوستان ناکرێت.
بەپێی ئاژانسی فەرمی هەواڵی ئێران، ئیرنا، ئەنجوومەنی شارەزایانی ئەو وڵاتە لە هەشتەمین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، تاوتوێی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی کرد.
لە راگهیهنراوێكدا کە لە دوای کۆبوونەوەکە بڵاوکرایەوە، هەڵسەنگاندن بۆ رێککەوتننامەی ئەتۆمی كراوه كه لە ٢٠١٥دا لەنێوان ئێران و پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئەڵمانیا (وڵاتانی ٥+١) واژووکراوە.
لە راگهیهنراوهكهدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە ئێران داخراوە بەڕووی دانوستان لەبارەی بابەتەکانی پەیوەست بە سیستمی بەرگریی و، تێیدا هاتووە: "دانوستان لەگەڵ ئەمریکا لەسەر بابەتەکانی ئەو رێککەوتنەی کراوە هێڵی سووری وڵاتەکەمانە. بەرگریی و مووشەکەکانمان بابەتانێکن دانووستان لەبارەیانەوە نەگونجاوە".
هەروەها لە راگهیهنراوهكهدا باس لەوەکراوە کە سیاسەتەکانی ئەوپەڕی گوشار کە سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە دوای دەرچوون لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی سەپاندوونی شکستییان هێناوە و تێیدا هاتووه: "جیهانی داگیرکەر دەبێت بزانێت کە گەڕانەوە و نەگەڕانەوەی ئەمریکا بۆ رێککەوتننامەی ئەتۆمی کاریگەری نابێت لەسەر بەرگریی گەلی ئێران. وەک گەڕانەوەی ئەوان بۆ پلانی کردەی هاوبەشی گشتگیر بە بێ هەڵگرتنی سزاکان سوودی نییە، بە پێچەوانەشەوە زیانی دەبێت".
بە گوێرەی دەستووری ئێران، ئەنجوومەنی شارەزایان کە لە ٨٨ کورسی پێکهاتووە و زانایانی ئایینین، ئەرکیان هەڵبژاردن و چاودێرییکردنی رێبەری وڵاتە کە پێگەکەی ویلایەتی فیقهە.