"ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژەیاسای چاكسازی و مووچە و دەرماڵە پەسەند دەكات"

دوایین نوێکردنەوە 2019-12-11 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە و، پڕۆژەیاسای چاكسازی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكانی دیكە پەسەند دەكات و رەوانەی پەرلەمانی دەكات، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتیش، دەڵێ، هەر كاتێك پڕۆژەكە بگاتە پەرلەمان، رێكارە یاساییەكان دەگرنە بەر.

ئومێد خۆشناو، لە لێدوانێكیدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، بڕیار دراوە كە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران كۆببێتەوە و پڕۆژەیاسای چاكسازی پەسەند بكرێت و، هەر ئەمڕۆش یا سبەی رەوانەی پەرلەمانی كوردستان بكرێت، ئەوانیش وەك فراكسیۆنی پارتی ئامادەكاریی تەواویان كردووە، بەو پێیەی بڕیاری پێشوەختەیان سەبارەت بە پڕۆژەكە هەیە و لەگەڵیدان، بۆیە بە زووترین كات رێكارە یاساییەكان دەگرنە بەر و پڕۆژەكە دەبێتە یاسا.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا، كە تا ئێستا هیچ فراكسیۆنێك بە ئاشكرا دژی پڕۆژەیاسای چاكسازی نییە، لە رووی مەبدەئییەوە هەمووان جەخت لەوە دەكەنەوە، كە پشتیوانی لێ دەكەن، روونیشی كردەوە، كە ئەوان وەكو پارتی لەگەڵ لایەنەكانی پێكهێنەری حكوومەت رێككەوتنیان هەیە، كە چوارچێوەی رێككەوتنەكەش، ئەولەویەتدانە بە چاكسازی.

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، باس لەوەش دەكات، كە كاتێك پڕۆژەكە هاتە پەرلەمانەوە، ئەوا خوێندنەوەی بۆ دەكرێ و هەر سەرنج و تێبینییەك بۆ دەوڵەمەندكردنی هەبێت، گفتوگۆی لەسەر دەكرێت و ئاساییە، بەڵام ناكرێ بە هیچ جۆرێك ناوەڕۆكی پڕۆژەكە گۆڕانكاری تێدا بكرێت.

خۆشناو جەختیشی لەوە كردەوە، هەر كاتێك پڕۆژەكە بگاتە پەرلەمان، راستەوخۆ رێكارە یاساییەكان دەگرنە بەر، كە خۆی لە  خوێندنەوەی یەكەمدا دەبێنێتەوە و دواتریش رەوانەی لیژنە پەیوەندیدارەكان دەكرێت، هاوكات لەوێشەوە جارێكی دیكە خوێندنەوەی دووەم لەسەر بڕگە و ماددە یاساییەكانی دەكرێت، پاشان خوێندنەوەی سێیەم و پەسەندكردنی دەكرێت.

 

خێڵان بەختیار