وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ سه‌باره‌ت به‌ گرنگیدان به ‌به‌رهه‌مه‌ناوخۆیه‌كان چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركرد

دوایین نوێکردنەوە 2021-02-24 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

 

وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی هه‌رێم چه‌ند بڕیارێكی له‌باره‌ی قه‌ده‌غه‌كردنی هاورده‌كردنی په‌له‌وه‌ر و گرنگیدان به‌به‌رهه‌می ناوخۆ ده‌ركرد و نوسراوێكیشی بۆچه‌ند وه‌زاره‌تێك كرد،
سه‌باره‌ت به‌كڕینه‌وه‌ی به‌رهه‌می كێلگه‌ په‌له‌وه‌ریه‌كانی ناوه‌خۆی هه‌رێمی كوردستان.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ، ئه‌نجومه‌نی باڵای پیشه‌سازی په‌له‌وه‌ر به‌سه‌رۆكایه‌تی بێگه‌رد تاڵه‌بانی وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو كۆبوه‌ و له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا چه‌ند بڕیارێكیان ده‌ركرد.

بڕیاره‌كانیش بریتی بوون له‌مانه‌:

یه‌كه‌م: جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر قه‌ده‌غه‌كردنی مریشكی هاورده‌ و به‌ستو به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك له‌ته‌واوی ده‌روازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ هه‌ماهه‌نگی ته‌واو له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندی داره‌كان ده‌كرێت.

دوه‌م: هه‌ڵمه‌تێكی نیشتیمانی بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی به‌رهه‌می قاچاغ و نایاسایی له‌بازاڕه‌كان ئه‌نجام ده‌درێت به‌سه‌رپه‌رشتی خودی وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو.

سێیه‌م: بڕیاردرا به‌ ڕاگرتن و قه‌ده‌غه‌كردنی پارچه‌كانی مریشكی هاورده‌كراو، له‌بڕی ئه‌مه‌ خاوه‌نی سه‌ربڕخانه‌كانی كوردستان راسپێردران كه‌ ئاماده‌كاری بكه‌ن بۆ پركردنه‌وه‌ی بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ له‌به‌رچاو گرتنی خواستی برانده‌ بیانیه‌كان.

چواره‌م: به‌مه‌به‌ستی پاراستنی به‌رهه‌می ناوه‌خۆیی و به‌رهه‌می ده‌واجن و سه‌ربڕخانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان هه‌فته‌ی داهاتودا هه‌ڵمه‌تێكی راگه‌یاندن بۆ ناساندنی ستیكه‌ر وباركۆدی تایبه‌ت له‌سه‌ر به‌رهه‌می سه‌ربڕخانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌چێته‌ بواری جێه‌به‌جێ كردنه‌وه‌ كه‌ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆكارێك بۆ پارێزگاری و ناساندنی به‌رهه‌می ناوه‌خۆیی به‌ كوالێتیه‌كی به‌رز و نرخێكی گونجاو بۆ بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.

پێنجه‌م: وه‌زیر سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی راسپارد له‌ ناو وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ وسه‌رچاوه‌كانی ئاو بۆ چاره‌سه‌ركردن و به‌دواداچونی هه‌مو ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌پیشه‌سازی په‌له‌وه‌ره‌وه‌، به‌تایبه‌تی له‌ پرۆژه‌كانی مریشكی گۆشت و كارگه‌كانی ئالیك و سه‌ربڕخانه‌كان، له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سامانی ئاژه‌ڵی و ڤێترنه‌ری پارێزگاكان بۆ كاروباره‌كان.

شه‌شه‌م: تاكیدكردنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی كاره‌با له‌سه‌ر نرخی كاره‌با بۆ پرۆژه‌ گرنگه‌كانی په‌له‌وه‌ری و پرۆژه‌كانی كشتوكاڵی دوای پشتگیری كردنیان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ت.

حه‌وته‌م: وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو له‌ نوسراوێكی فه‌رمیدا داوا له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌كات كه‌ له‌ پێناوی گرنگی دان و پاڵپشتیكردنی به‌رهه‌می ناوه‌خۆی گشتاندن بكات وه‌زاره‌تانه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆ و ته‌ندروستی و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و كار، كه‌ به‌رهه‌می كێلگه‌ په‌له‌وه‌ریه‌كانی ناوه‌خۆی هه‌رێمی كوردستان بكڕنه‌وه‌.