دیجیتاڵ میدیاى سپێده
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەردەوامن و دڵنیاشم لەوەی بگەینە رێککەوتن، دهشڵێت: پشکی خەڵکی کوردستانیش تەنها دابینکردنی موچە نیە بەڵکو بودجەی هەرێم و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانیش بەشێکی سەرەکین لەگفتوگۆکان.
جوتیار عادل له كۆنگرهیهكی رۆژنامهوانیدا، رایگەیاند، گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامیان هەیە و تائێستا گفتوگۆکان ئەرێنی بون، هەرێمی کوردستانیش ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ پابەندبونەکانی کەلە بودجەدا بۆی دیاریکراوە، لەبەرامبەریشدا داوای کردوە پشکی خەڵکی کوردستان گەرەنتی بکرێت، پشکی خەڵکی کوردستانیش تەنها دابینکردنی موچە نیە بەڵکو بودجەی هەرێم و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانیش بەشێکی سەرەکین لەگفتوگۆکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەکۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا باس لە پڕۆژه بودجهكانی فیدڕاڵ و ههرێم بۆ ساڵی 2021 کراوە و حکومەتی هەرێم بڕیاریداوە پابەندبونەکانی خۆی جێبەجێبکات کە لەبودجەی فیدڕاڵیدا بۆی دیاریکراوە و پێشمەرجیشی ئەوەیە گەرەنتی مافەکانی خەڵکی کوردستان بکرێت، هەروەها بەپێویستی دەزانن رێککەوتنی هەولێر و بەغدا "دادپەروەرانە بێت، دەستوری و قابیلی جێبەجێکردن بێت".
وتەبێژی حکومەتی هەرێم وتیشى، گفتوگۆکانی شاندی دانوستانکاری هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ بەردەوامن و ئومێدیان هەیە هەردولا بگەنە رێککەوتن، شاندی حکومەتی هەرێمیش هەرکاتێک پێویست بکات سەردانی بەغدا دەکات و دوپاتیدەکەنەوە ئامادەن بەگوێرەی پڕۆژەیاسای بودجە و دەستور پابەندبونەکانیان جێبەجێ بکەن.
پەیوەست بە پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێمی کوردستانیش وتەبێژی حکومەت باسی لەوەکرد، زۆربەی وەزارەتەکان ئامارەکانی داهات و خەرجییەکانیان وەک رەشنوس رەوانەی وەزارەتی دارایی کردوە و چاوەڕێ دەکرێت تاوەکو 10 رۆژی دیکە پرۆژەیاساکە دەنگی لەسەر بدرێت و رەوانەی پەرلەمان دەکرێت.
ئەوەشی وت، تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بوە بە دۆخی تەندروستی هەرێم و بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو و جەخت کراوەتەوە لە چڕکردنەوەی هەوڵە خۆپارێزییەکان و لەکاتی پێویستدا بڕیار و رێکاری نوێ دەردەچێت.