“فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كان باسی سەرهەڵدانەوەی داعش ده‌کەن”

دوایین نوێکردنەوە 2020-02-10 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

کەرکووک  -KDP.info- فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و كه‌سانی ئه‌منی باس له‌ مه‌ترسیی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش ده‌كه‌ن له ‌سنووری مادده‌ی 140 و به‌شێكی زۆری مه‌ترسییه‌كانیش ڕاسته‌خۆ په‌یوه‌ندییان به‌ خاكی كوردستان و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌.

نووری حه‌مه‌عه‌لی، فه‌رمانده‌ی میحوه‌ری ڕۆژئاوای كه‌ركووك، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ده‌ڵێت: "ڕاسته‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی، ڕایگه‌یاند كه‌ داعش كۆتاییی هاتووه‌، به‌ڵام له‌ واقعدا وا نییه‌، داعش هێشتا به‌هێزه‌ و له‌ سووریا و له ‌عێراقیش خه‌ریكی خۆڕێكخستنه‌وه‌ن، له ‌هه‌ندێك ناوچه‌ش به‌ مونه‌زه‌می كاری خۆیان ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت له‌ سنووری میحوه‌ری شه‌ش، واته‌ چیای قه‌ره‌چۆخ به‌ئاشكرا ڕووبه‌ڕووی هێزه‌كانی عێراق ده‌بنه‌وه‌ و چه‌ك و ئه‌سڵه‌حەی باشیان پێیه‌ و ڕاهێنانی باشیان پێ كراوه و‌ له‌ هه‌ر ئه‌گه‌رێكدا ئاماده‌ن په‌لامار بده‌ن و به ‌شوێن بۆشاییی ئه‌منیدا‌ ده‌گەڕێن".

به‌پێی زانیاریی ماڵپەڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان جووڵه‌ی داعش له‌ سنووری كه‌ركووك و باشوور و ڕۆژئاوای ئه‌و شاره‌ هه‌یه‌، له‌ سنووری چیای قه‌ره‌چۆغیش داعش به‌ به‌هێزی كار و چالاكی ده‌كات، له‌ سنووره‌كانی چیایی حه‌مرین و قه‌ره‌ته‌په‌ و كفری و خانه‌قینیشن چالاكییان به‌هێزه‌، داعش هێشتا مه‌ترسییه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ و له ‌ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی ڕابردوودا چه‌ندین هاووڵاتیی كوردیان له‌ سنووری نێوان كفری و دووزخورماتوو ڕفاندووه‌.

سه‌باح محه‌مه‌د، به‌رپرسی لێژنه‌ی ناوچه‌ی كفریی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوێنێ شه‌ڕ و پێكدادان له ‌نێوان هێزێكی پێشمه‌رگه‌ و داعش له‌ سنووری به‌له‌ده‌ و داودە هه‌بووه،‌ داعش له‌ سنووری كفری و سه‌عدیه‌ و خانه‌قین و جه‌له‌ولا و چیای حه‌مرین به‌ به‌هێزی هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت هێزی بیانییان له‌گه‌ڵدایه‌ چه‌ك و جبه‌خانه‌یان هه‌یه‌ و به‌ئاشكرا بازگه‌ی سه‌ربازییان هه‌یه،‌ جیا له‌وه‌ی له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی وه‌ك نه‌فتخانه‌ و ڕێگای سه‌ره‌كیی كفری به‌ئاشكرا هاتوچۆیان هه‌یه‌".

رایشیگه‌یاند: "تا ئێستا ئه‌میرێكی دیاریكراو فه‌رمانده‌ییی ئه‌و هێزانه‌ ناكات، به‌ڵام پێشبینی ده‌كرێت ئه‌مانه‌ پاشماوه‌ی ئه‌و داعشانه و به‌شێك له‌ هۆزه‌كان بن، كه‌ كاتی خۆی چوونه‌ ناویان."

ئه‌وه‌یشی خسته‌ ڕوو: "داعش به‌هێزه‌ و له‌ سنووره‌كه‌ به‌رده‌وام چالاكی ده‌كات له‌ هه‌ندێك شوێن خۆڕێكخستنه‌وه‌یان زۆر ڕێكخراوه‌."

ساڵی 2014 داعش په‌لاماری شاری موسڵی دا و ته‌واوی شاره‌كه‌ و به‌شێكی زۆری پارێزگای ئه‌نبار و كه‌ركووك و شنگالی داگیر كرد، سه‌ره‌نجام دوای چه‌ند ساڵ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هێزی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق و هاوپه‌یمانان داعش له‌ عێراق به‌ره‌ و لاوازبوون چوو, ئێستا دووباره‌ خه‌ریكی خۆڕێكخستنه‌وه‌ن.

عه‌مید ئیدریس ڕه‌فعه‌ت، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی كه‌ركووك، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێستا داعش ته‌نیا هه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ له‌ ده‌وروبه‌رى كه‌ركووك به‌ ئازادانه‌ ده‌سووڕێنه‌وه‌، ئێمه‌ زانیاریى وردمان لایه له‌ سنوورى پشته‌وه‌ى داقووق كه‌ ده‌كاته‌ گونده‌كانى عه‌تشانه‌ و عوزێرییه‌، تاوه‌كوو سنوورى چیای حه‌مرین و له‌وێشه‌وه‌ بۆ پشته‌وه‌ى قه‌زاى حه‌ویجه‌ و ئینجا به‌ره‌و سنوورى قه‌زای دووبز و عه‌باسی و زاب، ئه‌و شوێنانه‌ى كه‌ حكوومه‌تى عێراق نایگاتێ، داعش مۆڵگه‌یان هه‌یه‌ و زیاتر له‌و مۆڵگانه‌وه‌ به‌ مه‌فره‌زه‌ى پارتیزانی داده‌به‌زنه‌ هه‌ر جێگایه‌ك كه‌ بیانه‌وێت بۆى بڕۆن، به‌بێ ئه‌وه‌ى ڕێگرییه‌كیان لێ بكرێ، ئه‌و كرده‌وه‌ تیرۆریستایانه‌ی ئه‌نجامیشى ده‌ده‌ن ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات، كه‌ ئێستا بۆشاییه‌كى زۆری ئه‌منى له‌ سنووورى كه‌ركووك هه‌یه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى سنووره‌كه‌ ناتوانن پارێزگارى لە سه‌ر و ماڵی هاووڵاتییان بكه‌ن‌."

ئه‌وه‌یشی خسته ڕوو: "پار هه‌زار و ٦٦٨ ڕووداوی ئەمنی ڕوویان داوە كه تێیاندا‌ 332 كه‌س له‌ هاووڵاتیان و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بوونه‌ته‌ قوربانی، جیا له‌وه‌ی جووڵه‌ی داعش به ‌چالاكانه‌ ده‌ستی پێ كردووه‌."

ڕایشیگه‌یاند: "به‌پێی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی له ‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كراوه، ده‌بێت پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ ئه‌منییه‌ی له‌ شاره‌كەدا‌ هه‌یه،‌ نه‌مێنێت."

کارزان هەورامی