ابوبکر سلێمان
ژیانی ھاوسەرداری و خێزانداری بێ گرفت و کێشە نابێ، با چاوەروانی ئەوە نەبین گرفت و ئاریشە لە ژیانماندا نەبێ، بەڵام گرنگ ئەوەیە چۆن دەڕوانینە گرفت و کێشەکان؟ بەڵێ وێناکردنی گرفت و ئاریشە لە ڕوانگەی خۆمانەوە بە دەرونێکی دروست و ھزرێکی ئامادەو ھەستێکی بەرپرسانە ڕێگاکانی چارەسەرت بۆ نزیک دەکەنەوە، وتەیەک ھەیە دەڵێت « کێشەکان لە خۆمانەوە سەرھەڵدەدەن و پێویستە ھەر لە خۆشمانەوە چارەسەری کێشەکانمان بکەین».
با ورد بینەوە لەم نموونەیە:
ڕۆژێک خێزانێک کێشەو گرفتیان دەبێ و ھەوڵی چارەسەر دەدەن بەڵام ناگەنە ئەنجام، کەسی تر دەکەونە نێوانیان بۆ چارەسەری گرفتەکان، کاتێک سەردانی ئەو خێزانە گرفتارە دەکەن دەڵێن: ئێمە ھاتووین تا خەمتان بخۆین و چارەسەر بۆ گرفتەکانتان بدۆزینەوە، چونکە نامانەوێ ئەو خێزانە تێک بچێت و منداڵەکانتسن پەرتەوازە بن، لەو قسانە بوون ئافرەتی ماڵ کە کێشەی خێزانیان ھەبوو زۆر عاقڵانە ھاتە گۆو و گوتی:
- ژنی ماڵ (ھاوژین): ئێوە ھاتوون خەمی ئێمە بخۆن؟ ھاتوون تا نەیەلن ئەو خێزانە تێک بچێ و منداڵەکانمان پەرتەوازە نەبن؟؟!!!
- چاککارانی کۆمەڵایەتی (المصلح الأسري): بەڵێ ئێمە ئەو کارە بە خێرێکی گەورە دەزانیین و خەممانە.
- ژنی ماڵ (ھاوژین): یانی ئێوە کاتی خۆتان تەرخان کردوەو ماڵ و منداڵتان جێھێشتووە بەس بۆ ئەوەی گرفتی ئێمە چارەسەر بکەن و لە خەمی ئێمەدان؟؟!!
- چاککارانی کۆمەڵایەتی: بەڵێ، ئەوە ئەرکی کۆمەڵایەتی ئێمەیە.
- ژنی ماڵ (ھاوژین): کەواتە ئێوە لەو دورەوە ھاتوون و کاتتان تەرخان کردووە بۆ ئەوەی کێشەی ئێمە چارەسەر بکەن و خەمی ئێمەتانە؛ باشە ئێمە خۆمان من و ھاوسەرم لە پێشتر نین بۆ خەم خواردن لە خۆمان؟
- چاککارانی کۆمەڵایەتی: بەڵێ وایە، بەڵام کە بینگمان ناتوانن چارەسەری کێشەکانتان بکەن بۆیە ئێمەش ھاتین تا یارمەتیدەر بین، ئەگینا ئێوە خۆتسن لە پێشترن بۆ خەمخواردن لە خۆتان.
- ژنی ماڵ (ھاوژین) بە ھیممەتێکی بەرزو جورئەتێکی بێوێنەوە گوتی: زۆر سوپاستان دەکەین و ئێمە لە ئێستاوە گرفتەکانمان چارەسەر بوون و خۆمان دەبی خەمی خۆمان بێت و چارەسەر بۆ کێشەکانمان بدۆزینەوە، زۆر سوپاس بۆ خەمخۆریتان.
دەتوانین ماناو عیبرەتی زۆر لەو نمونەیە وەربگرین؛ بەتایبەت تێدەگەین کە کێشەکان لەخۆمانەوە سەرھەڵدەدەن و دروست دەبن وە پێویستە ھەر لە خۆمانەوە دەست پێ بکەین بۆ چارەسەریان..
بەڵێ بۆ ژیانێکی ئاسودەو کامەران لە نێوان ھاوسەران..