لە خۆپیشاندانەكانی ناسڕییەدا خۆپیشاندەرێك كوژرا و 14ی دیكەش برینداربوون

دوا نوێکردنەوە: 2021-02-25 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

سەرچاوەیەكی پزیشكیی رایگەیاند، لە میانی خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆ پێنجشەممەی شاری ناسڕییە ناوەندی پارێزگای زیقار باشووری عێراق، خۆپیشاندەرێك كوژرا.

لە رۆژی دووشەممەی رابردووەوە، خۆپیشاندان لە شاری ناسڕییە بەڕێودەچێت و ماوەی چوار رۆژە بەردەوامیی هەیە كە لە میانیدا خۆپیشاندەران داوای لاكارلادانی پارێزگار، نازم وائیلی لە پۆستەكەی دەكەن.

كوژرانی ئەم خۆپیشاندەرەی ئەمڕۆ، دەبێتە دووەم خۆپیشاندەر كە لە میانی خۆپیشاندانەكانی چوار رۆژی رابردوودا بكوژرێت. سەرچاوەیەكی پزیشكیی لە نەخۆشخانەی فێركاریی ئیمام حوسێن راگەیاند، "لە میانی خۆپیشاندانەكانی ئەمرۆ پێنجشەممەدا، نەخۆشخانەكەیان پێشوازیی خۆپیشاندەرێك كردووە كە بەهۆی برینداربوونی بە فیشەك گیانی لەدەستداوە".

سەرچاوەكە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت راشیگەیاند، لە میانی خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆدا، ١٤ كەس برینداربوون كە شەشیان كارمەندی ئەمنیی و هەشتەكەی دیكە خۆپیشاندەر بوون.پارێزگای زیقار بە چەقی چالاكییەكانی خۆپیشاندانی ناڕەزایی دادەنرێت لە عێراق كە دانیشتووانەكەی زیاتر لە دوو ملیۆن كەس دەبێت و ماوەی چەند ساڵێكە بەشێك لە دانیشتووانەكەی دژبە خراپ ئیدارەدانی پارێزگاكە و خراپی خزمەتگوزاری گشتیی و كەمی هەلی كار خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن.


بەپێی داتاكانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، رێژەی بێكاری لە وڵات لە ساڵی ٢٠٢٠دا بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 31 پۆێنت 7 لەسەدا، لە كاتێكدا لە ساڵی ٢٠١٨دا ئەو رێژەیە لەسەدا ٢٠ بووە.