پشکی ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتى عێراق یەکلایی ده‌كرێته‌وه‌

دوایین نوێکردنەوە 2021-02-27 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگه‌یاند، چاوەڕوان دەکرێت لە میانی ئەم ھەفتەیەدا، پشکی ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی ٢٠٢١، یەکلایی بکرێتەوە و ئاماژە بەوەیش دەکات کە دواکەوتنی دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساکە، کاریگەریی لەسەر وادەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە دەبێت.

رێزان شێخ دلێر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا گوتی: دواکەوتنی دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی ٢٠٢١، لەبەرژەوەندی ھیچ لایەکدا نییە، بەتایبەتیش کە وادەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە نزیکبووەتەوە.

گوتیشی: بە تەرخانکردنی بوودجەیەکی تایبەت، دەبێتە ھۆی ئەوەی کە خێراتر ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا، تەواو بکرێن.

رێزان شێخ دلێر ئاشکراشیکردووە، تا ئێستا ھەولێر و بەغدا لەبارەی جێگیرکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی ٢٠٢١ نەگەیشتوون بە رێککەوتن و گوتی: چاوەڕوان دەکرێت لە میانی ئەم ھەفتەیەدا، پشکی ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی ٢٠٢١، یەکلایی بکرێتەوە بۆ ئەوەی وادەی کۆتایی بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساکە دیاری بکرێت.