ورده‌كارى گۆڕانكارى لە موچەی خانه‌نشینى هێزەکانی ناوخۆ و ئاسایش ئاشكرا ده‌كرێت

دوایین نوێکردنەوە 2021-02-27 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسایەکدا حکومەتی هەرێم دەیەوێت گۆڕانكاری لە موچەی هێزەکانی ناوخۆ و ئاسایشدا بکات، ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی ناوخۆ و ئاسایش له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌شێك له‌ ورده‌كارى ئه‌و گۆڕانكارییه‌ ئاشكرا ده‌كات.

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ھەندێك پێشنیاز لەبارەی خانەنشینیی ھێزەكانی ناوخۆوە ھەیە و لە ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەر دەكرێت و دەکرێت بە پڕۆژەیەک و ڕەوانەی پەرلەمان دەكرێت.

لەوبارەیەوە، ئەرشەد حسێن، ئەندامی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێیەکان لە پەرلەمانی كوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاندووه‌، پڕۆژەکە لە ئێستادا لە ئەنجومەنی وەزیرانە هەرکات تەواو بوو ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت و دوای گفتوگۆکردن لەسەری پەسەند دەکرێت.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌، موچەی خانەنشینی هێزەكانی ناوخۆ زۆر كەمترە لە ئاست ئەو خزمەتەی دەیكەین، بەجۆرێک هەیە مانگی 280 هەزار دینار وەردەگرێت، بۆیە پێشتر قسەمان لەگەڵ وەزیری ناوخۆ و حکومەتی هەرێم کردووە بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لە موچەی خانەنیشنییەکەیاندا بکرێت.

ئەرشەد حسێن راشیگه‌یاندووه‌، بەگوێرەی پڕۆژەکە، پێشنیاز كراوە هێزەكانی ناوخۆ بە 60% بۆ 80%ی کۆی موچەكانیان خانەنشین بكرێن، ئەویش بەپێی خزمەت و بڕوانامە و پلەیان دەبێت، بەوەش موچەی خانەنشینییەکەیان زیاد دەکات، بەشێوەیەک کە %200 لەوەی ئێستایان زیاتر بێت.