دیجیتاڵ میدیاى سپێده
ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە پارێزگای هەولێر بە هاوکاری لقی هەولێری کۆمەڵەی مانگی سووری عێراقی، هەڵمەتێکی یەک هەفتەیی هۆشیاری تەندروستیی راگەیاند بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە مەترسییەکانی دووبارە بەچڕی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، بەتایبەت کۆرۆنای گۆڕاو.
هەڵمەتەکە هەفتەیەک بەردەوام دەبێت لە ناوەندی هەولێر، کۆیە و شەقڵاوە و تیایدا ژمارەیەکی زۆر رێنمایی تەندروستیی بەشێوەی بروشەر و پۆستەر بڵاودەکرێتەوە و ماسک بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشدەکرێت و هەموو شوێنە قەرەباڵغەکان بەسەر دەکرێتەوە و رێنماییان پێدەدرێت کە خۆیان بپارێزن.
قایمقامی هەولێر، نەبەز عەبدولحەمید دەربارەی هەڵمەتەکە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "بەرنامەی ئەمڕۆمان بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵکە بۆ جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی خۆپارێزی، ئێمە ئێستا لە قۆناغێکی هەستیارداین پێویستە هەموو تاکێک لە کۆمەڵگادا خۆی و دەورووبەری بپارێزێت، راستە کردوومانە بە مەرج کە دەبێت خەڵک هەمووی ماسک ببەستێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستی بە هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەش هەیە لەلایەن هەموو لایەکمانەوە، چ هاووڵاتی خۆی چ دەزگاکانی راگەیاندن چ ئێمە وەک لایەنە فەرمییەکانی حکوومەت، واتە سەرباری بڕیارەکان کە بۆ جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی دانراوە لەگەڵ ئەوەشدا هەڵمەتی هۆشیاریش دەکەین و خەڵک هۆشیار دەکەینەوە".
دەربارەی جێبەجێکردنی بڕیاری زۆرەملێی بەستنی ماسک، قایمقامی هەولێر نەبەز عەبدولحەمید رایگەیاند "لە بەیانی ژمارە ٥٢ی ساڵی ٢٠٢٠ی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە، هەرکەسێک ماسک نەبەستێت پێویستە بە ٢٠ هەزار دینار سزا بدرێت و ئەمە جێبەجێ دەکرێت".