فراكسیۆنى به‌در: سێ پێشنیارمان بۆ رێككه‌وتن داوه‌ته‌ شاندى هه‌رێمى كوردستان

دوایین نوێکردنەوە 2021-02-28 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

سه‌رۆكی فراكسیۆنی به‌در له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق رایگه‌یاند: تا ئێستا سێ پێشنیاریان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا پێشكه‌ش كردووه‌، به‌ڵام حكومه‌تى هه‌رێم سه‌رجه‌م پێشنیاره‌كانى فراكسیۆنى به‌درى له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ره‌تكردۆته‌وه‌.

حه‌سه‌ن شاكر كه‌عبی، سه‌رۆكی فراكسیۆنی به‌در له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ئاشكراى كرد بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان پێشنیاریان كردووه‌، فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم له‌ڕێگه‌ی كۆمپانیای سۆمۆوه‌ بێت و هه‌رێمى كوردستان 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستى حكومه‌تى عێراق بكات، چونكه‌ رێكخراوى ئۆپێك به‌رده‌وام له‌باره‌ى نه‌وتى هه‌رێم فشار له‌ عێراق ده‌كات و پشكى عێراق له‌ فرۆشتنى نه‌وت كه‌مده‌كاته‌وه‌.

سه‌رۆكى فراكسیۆنى به‌در گوتیشى: پێشنیارێكى دیكه‌یان بۆ شاندى هه‌رێم كردبوو كه‌ ڕاده‌ستكردنی ته‌واوی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌ له‌به‌رامبه‌ردا به‌غدا قه‌رزی كۆمپانیاكانی نه‌وت و وڵاتانیش بداته‌وه‌ كه‌ ئێستا له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانه‌ به‌ڵام شاندى هه‌رێم ئه‌وه‌شیان ره‌تكردۆته‌وه‌، پێشنیارى سێیه‌میش بۆ شاندى هه‌رێم ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ به‌ پاڵاوگه‌كانى نه‌وت و هه‌ر پڕۆسه‌یه‌كى گه‌ڕانێكی نوێ بۆ نه‌وت بدرێته‌ ده‌ست وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان پێیوایه‌ ئه‌وه‌ ناده‌ستوورییه‌ و كێڵگه‌كان ده‌بێت به‌هاوبه‌شی به‌ڕێوه‌ببرێن.

سه‌رۆكى فراكسیۆنى به‌ده‌ر رایگه‌یاند: دواى ئه‌م گفتوگیانه‌ له‌گه‌ڵ شاندى هه‌رێم، پڕۆژه‌ یاساى بودجه‌ى 2021 په‌كى كه‌وت و تا ئێستا هیچ پێشكه‌وتنێك له‌ گفتوگۆكانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا نه‌بووه‌.