هەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی ٦٧ەمین ساڵیادی دامەزراندنی رێکخراوەکەیانەوە، پەیامێک ئاڕاستەی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان دەکات، و دەڵێ ئەو رێکخراوە خاوەنی مێژوویەکی پڕ سەروەری و تێکۆشانە، ڕۆڵی گرینگ و بەرپرسیارانەی هەبووە لە قۆناغە جیاجیاکانی خەباتی نیشتیمانی و نەتەوەییماندا و، پێشەنگی خەباتی مەدەنی و ڕێکخراوەییە لە کوردستاندا.
دەقی پەیامی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان:
بەڕێزان سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەت و ئەنجومەنی باڵای یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان..
بە بۆنەی (٦٧)هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە خۆتان و کادیر و ئەندامانی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و سەرجەم ئافرەتانی کوردستان دەکەم. هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم.
یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان خاوەنی مێژوویەکی پڕ سەروەری و تێکۆشانە، ڕۆڵی گرنگ و بەرپرسیارانەی هەبووە لە قۆناغە جیاجیاکانی خەباتی نیشتیمانی و نەتەوەییماندا و پێشەنگی خەباتی مەدەنی و ڕێکخراوەییە لە کوردستاندا. ئەم ڕێکخراوە سەنگینە قوتابخانەیەک بووە بۆ پێگەیاندنی چەندین ناو و توانای دیار لە ئافرەتانی تێکۆشەر و قوربانیدەر و سەرکردە لە بواری خەباتی مەدەنی و سیاسی و پەروەردەیی و فەرهەنگی لە کوردستاندا.
ئەو مێژووە دێرینەی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، بەڵگەی هەبوونی بیری یەکسانیخوازی و پێشکەوتنخوازانەیە لە نەهج و بیروباوەڕی پارتی دیموکراتی کوردستاندا هەر لە سەرەتای خەباتی سیاسییەوە، بەڵگەی بڕوابەخۆبوون و زیندوویەتیی ئافرەتانی کوردستانیشە لە بینینی ڕۆڵی بەرپرسیارانەیان لە مێژووی گەلەکەماندا.
هەر بەم بۆنەیەوە، دووبارە پشتیوانیی تەواوی خۆمانتان بۆ دووپات دەکەینەوە لە خەباتی ڕێکخراوەیی و مەدەنیانەتان بۆ داکۆکیکردن لە ماف و خواستەکانی ئافرەتانی کوردستان و بەهێزکردنی بنەماکانی کولتووری یەکسانی لە کۆمەڵگەی کوردستانیدا.
هیوای سەرکەوتنی زیاتر و پێشکەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازم.
بەرز و پیرۆز بێت ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان.
سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی
جێگری سهرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
١١/١٢/٢٠١٩