دژە تیرۆر دانپێدانانی یەکێک لە تۆمەتبارەکانی ھێرشەکەی ھەولێرى بڵاوکردەوە

دوایین نوێکردنەوە 2021-03-03 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژە تیرۆری ھەرێمی کوردستان رایگەیاند: ‏‎دوای ئەوەی شەوی ٢٠٢١/٢/١٥ ھێرشێکی مووشەکی کرایە سەر شاری ھەولێر و فڕۆکەخانەی نێودەڵەتیی ھەولێر، کە ژمارەیان ١٤ مووشەک بوو و بووە ھۆی گیانلەدەستدانی بەڵێندەرێکی بیانی و ھاووڵاتییەکی عێراقی و برینداربوونی پێنج سەربازی ئەمریکی و دوو ھاووڵاتیی سڤیل، ھێزە ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستان، دەستبەجێ دەستیان بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد کرد.

ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان بڵاویکردەوە، حەیدەر حەمزە بەیاتی یەکێکە لەتۆمەتبارانی هێرشه‌ موشه‌كییه‌كه‌ی سه‌ر شاری هه‌ولێر و لەبنەڕەتدا خه‌ڵكی قه‌زای حه‌مدانیه‌یه‌ لەپارێزگای نەینەوا و لەئێستادا له‌ قه‌زای خه‌باتی سه‌ر به‌ شاری هه‌ولێر نیشته‌جێ بوه‌ و "ئاسانكاری بۆ وه‌رگرتنی ئیقامه‌ بۆ یه‌كێك له‌ تیرۆریسته‌كان كردوه‌ و هاوكاری كردون له‌ هێنانی موشه‌كه‌كان".

ئاماژە بەوەشکراوە، دوای لێكۆڵینه‌وه‌، ناسنامه‌ی چوار كه‌س ئاشكرا كراوە كه‌ راسته‌وخۆ بكه‌ری هێرشەکە بون، تائێستاش دوان له‌ ئه‌نجامده‌رانی په‌لاماره‌كه‌ ده‌ستگیركراون و دوانی دیكه‌یان هێشتا ده‌ستگیر نه‌كراون، هەروەها هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان توانیانە یه‌كێك له‌و چوار كه‌سه‌ ده‌ستگیر بكه‌ن و هێزەکانی حکومەتی فیدڕاڵیش کەسێکی دیکەیان دەستگیرکردوە، لەو‌ رێگه‌یه‌وه‌ سه‌ره‌داوی وردی روداوەکەیان دەستکەوتوە.

ده‌ستگیركراوه‌كه‌ له‌ دانپێدانانه‌كه‌یدا باسی لەوەکردوە، كه‌ ئه‌وان گروپێكی چوار كه‌سی بون‌ و "سه‌ر به‌ كه‌تائیبی سه‌یدولشوهه‌دا بون‌، هەروەها موشه‌كه‌كان دروستكراوی ئێران بون و له‌ نزیك عه‌لوه‌ی هه‌ولێره‌وه‌ ئاراسته‌ی فڕۆكه‌خانه‌ كراون"

شه‌وی 15ی شوباتی 2021، هێرشێكی موشه‌كی كرایه‌ سه‌ر شاری هه‌ولێر و بنكه‌ی هێزه‌ بیانییه‌كان له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر، هێرشه‌كه‌ بوه‌ هۆی گیانله‌ده‌ستدانی هاوڵاتییه‌ك و به‌ڵێنده‌رێكی بیانی و برینداربونی 2 هاوڵاتی و 5 سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی.

ئه‌و هێرشه‌ موشه‌كییه‌ پێكهاتبو له‌ 14 موشه‌ك و ئاراسته‌ی هه‌ولێر و فڕۆكه‌خانه‌كه‌ی كران.