کورت و پوخت لەبارەی ئەوروپاوە

دوایین نوێکردنەوە 2021-03-04 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

عومه‌ر عه‌لى

ژیانی_هەندەران

(هەردەم پرسیار دەکرێ لەبارەی ئەوروپاوە، پێم خۆش بوو زۆرترین ڕای خەڵکی لەسەر وەرگرم و، بە هاشتاگێك بمێنێتەوە(ژیانی_هەندەران)، بە ئومێدی ئەوەی سودی گشتی بۆ هەمیشەیی هەبێ، کۆمێنتەکانیش بەرچاو ڕوونی زیاتر بێ و، سوود لە ئەزموونی کەسانی تر وەرگیرێ، لەوەش ڕزگارمان ببێ هەردەم شتەکان دووبارە بکەینەوە، هەرکەس پرسی: بڵێین فەرموو ئەوە هاشتاگ ژیانی_هەندەران بیخوێنەرەوە و دواتر بڕیاریش لای خۆتە، ئەمە نە هاندانە، نە پەشیمانکردنەوەیە، تەنها زانینی سود و قازانجە، مادی و مەعنەوی، پەیوەندی بە شەخسیەوە نییە، خەمخۆریە نەك ڕقە بەرایەتی، هەوڵی باشترینە و قوڵتر تێگەشتنە، بە گشتی نە کوردستان باشترینە، نە ئەوروپاش، بەپێی شەخسەکە دەگۆڕێ، لەوەیە ڕای یەك کەس سودی بۆ تۆی بەڕێز هەبێ، وە ڕاکانی تریشت لەپێش چاو بێ، سەرکەوتنی کەسێکت بینی ئەزیەتەکانیشت لە پێش چاو بێ، لە کۆتایدا کەس کۆپی کەس نییە، هەرکەس هەر خۆیەتی).

ژیانی_هەندەران

منیش لەو بارەوە دەڵێم:

١-گەر کێشەت بۆ دروست بووە و ناچاری ڕاکردنی، ئەوە لە هەرکوێ ئەمانت دەستکەوێ ئەو جێگە نیشتمانی تۆیە، (ئەم بابەتە بۆ تۆ نییە).

٢-گەر دەرفەتی پلەیەك لە پلەکانی خوێندنت لە وڵاتی خۆت دەستناکەوێ و بۆ بەدەستهێنانی دەڕۆی بۆ ئەوروپا، ئەوە لە هەرکوێ ئەو ئۆفەرەت دەستکەوێ موبارەکە، (ئەم بابەتە بۆ تۆ نییە).

٣-گەر نەخۆشی و عیلاجت لە وڵاتی خۆت دەستناکەوێ، ئەوە لە هەرکوێ عیلاجت دەستکەوێ پەلەی لێ بکە، (ئەم بابەتە بۆ تۆ نییە).

ئەم بابەتە بۆ کەسانێکە کە بە ئیختاری ئەو ڕێگەیە دەگرنەبەر.

١-گەر بەدوای دەوڵەمەندیدا دەگەڕێی و وا دەزانی لە ئەوروپا دەوڵەمەند دەبی، ئەم پرسیارە لە خۆت بکە، چەند کەسی ناوچەکەی خۆت لە دەرەوە دەوڵەمەند بووە؟ وە چەند کەسی ناوچەکەی خۆت هەر لە جێگەی خۆیدا دەوڵەمەند بووە؟

ئەگەر وەك ئەوەت پێنەکرێ کە لەناوچەکەی خۆتدا دەوڵەمەند بووە، لەوانەیە وەك ئەوانەشت پێنەکرێ کە لە دەرەوە دەوڵەمەند بوون!

#ژیانی_هەندەران

٢-گەر حەزت لەوەیە ببی بە خاوەن جەوازێکی بەهێزی عالەمی و خولیای گەڕان و بازرگانیت هەیە ئەوا ئەم پرسیارە لە خۆت بکە، تەمەنت چەندە؟ وە چەند بەرگە دەگری؟

تەمەن گرنگی زۆری هەیە، چونکە ئایندەکە نادیارە، دەبێ تەمەنت بەشی ئەوە بکات فریایی چاوەڕوانی نادیار و بڕینی گشت پلەکان بکات، تا بگەیت بە مەرامەکەی خۆت.

(کەسێك تەلەفۆنی بۆ کردم وتی: دەمەوێ بێم بۆ خارج؟

منیش وتم: بە کەڵکی تۆ نایە چونکە تۆ تەمەنت گەورەیە!

وتی: جا خۆ منیش هەر هەمان تەمەنی تۆم هەیە، بە پێکەنینەوە.

وتم: ڕاست دەکەیت بەڵام بەراوردەکەت هەڵەیە، ئەگەر منیش ئێستە لە کوردستان بوایەم تا ئێستە بۆ منیش نەدەبوو، بەڵام من ئێستە هەرچی پلەی ناڕەحەتی ڕێگە، ئیقامە، خوێندن هەموویم بڕیوە، وە ژن و منداڵت هەیە، خەمخواردنی ئەمانە بەجارێك لەگەڵ خۆتداو ئەو هەموو ناڕەحەتیەی کە لە پێشتە زەحمەتە بەرگەی بگری، من کە هاتم هیچ خۆشیم لە کوردستان نەدیبوو، چاوم کردەوە شەڕی براکوژی بوو، خەڵك هەمووی هەم برسی بوو هەم ترسی هەبوو، هەرکات بیرم لە دوای خۆم دەکردەوە هاندەرم بوو بۆ ئەوەی بەرگەی بگرم، بەڵام کوردستانی ئێستە بێگومان زۆر جیاوازە لەوکاتە، دەزانم تووڕە دەبی و دەڵێی وا نییە! بەڵام تۆ ئەزموونت نەکردووە، من هەردوکیانم ئەزمون کردووە، سەردەمی من خەڵكی برسی نانی وشك بوو، گوڵەچنە دەست نەدەکەوت، شوانی پاشایەتی بوو، تەپاڵەی مانگا بەر زەوی نەدەکەوت، دەیانگرتەوە).

#ژیانی_هەندەران

٣-گەر هەر بێزاریت و دەتەوێ ژیانێکی ئاسایی باشتر بۆ خۆت دابین بکەیت، ئەوە بێگومان لەوەیە خەونەکەت بێتە دی، بەڵام بۆ ئەوەی بەرگە بگری دەبێ دۆخی خۆت و ئێستەت لە پێش چاو بێ، چونکە دۆخەکان جیاوازی دروست دەکات ئەگەر:

١-خاوەنی ماڵ و وەزیفەی خۆتی لەگەڵ کێشەی خزمەتگوزاری و موچەو ئەوانەش بەڵام زەحمەتە بەرگە بگری و پەشیمان نەبیتەوە، چونکە ئەوەندە کۆسپ لە پێشتە هەردەم دۆخی خۆت و ئەوکاتە بە بەراورد بەو کۆسپانەی کە دێتە پێشت هەمووی دەبێتە ئاهوحەسرەت.

٢-هەر کە دەرچوویت تۆ کەسێکی هەرچەند ئاستت هەبێ لە دەرەوەی هیچت نییە، ناڕەحەتی ڕێگە، چاوەڕوانی ئیقامە، فێربوونی زمان، خۆگونجاند لەگەڵ دەوربەرو بێگانە ئەوانە هەمووی کۆسپە، مرۆڤ عادەتەن لە هەر جێگەیەك بژی تەنها کێشەی ئەو جێگە دەبینێ، تۆ کە ئێستە لە کوردستانی دەڵێی ئەوە فشەیە! بەڵام فشە نییە!! ڕاستی ڕاستیە.

لە جێگەی خۆتدا خاوەنی مەکانەت و سیقەیت، باوك و دایك و خزم و عەشرەت هێزی ئەو سیقەی بەبێ ماندووبونی خۆت پێ بەخشیوە، بەڵام لە دەرەوە سیقەت پێناکەن، وا دەزانن کەسێکی خوێڕیت! چونکە خوێڕێ زۆرترە!

٣-زۆرکەس دەتوانێ ژیانی لە وڵاتی خۆیدا خۆش بکات، بەڵام نا مونەزەمە، هەرچی هەیە دەیفرۆشی و بە پارەیەکی زۆر خۆشی و ماڵ و منداڵی دەگەیەنێتە ئەوروپا، دەکرا بەو پارەی ژیانی خۆی بەو پارەیە مونەزەم بکردایە، کەسێك پەیوەندی کرد کە وەزیفەیەکی باشیشی هەبوو، دەیوست خۆی و ماڵ و منداڵ بگەیەنێتە ئەوروپا بە ١٦ دەفتەر، بۆم شیکردەوە کە ئەوپارە دەتوانی ژیانتی پێ مونەزەم بکەیت هەتا ئەگەر وەزیفەکەشت لە دەست بدەیت، ئیتر چ ناچاری خۆت و ماڵ و منداڵ چارەنووسێکی نادیاریان بخەیتە بەردەم.

#ژیانی_هەندەران

ئەی ئەوانەی لە ئەوروپان بۆ ناگەڕێنەوە ئەگەر ڕاست دەکەن؟! هەردەم ئەوە دەگوترێ...

ئەمەش وەڵام:

١-تۆ کە ئێستە لە کوردستانیت تەنها بیرەوەری و وابەستەیت بە کوردستانەوەیە، هەتا لە شارێکیش باربکەیت بۆ شارێکی تر دواتر دەبینی گەڕانەوەت بۆ شارەکەی خۆشت ئاسان نییە، با حەزیش بە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆت بکەیت، چونکە وابەستەییت بۆ دروست بووە، ها نابینی ئێستە هەمووی خۆزگە بۆ ژیانی لادێ و گوند دەخوازن، ئێ خۆ چی هەرزانە ژیان لە گونددا ئێستە، خانوو لە زۆرجێگە یان هەر بەلاشە یان پارەیەکی زۆر زۆر ڕەمزی، یان خۆت بە ئاسانی دەتوانی ببی بە خاوەنی خانووش لە گونددا دەی بۆ ناڕۆی؟ پرسیارێکەو دەتوانی لە ڕێگەی وەڵامەکەیەوە هەمان وەڵامت دەست بکەوێ، چەند خزم و دۆستی خۆت هەیە لە سلێمانی باری کردووە بۆ هەولێر، یان لە هەولێر باری کردووە بۆ سلێمانی، یان لە گەرمیانەوە ڕۆشتووە بۆ کوێستان، لە کوێستانەوە ڕۆشتووە بۆ گەرمیان و هەر لە چوارچێوەی وڵاتەکەشدایەو زەحمەتیشە گەڕانەوە بۆ دۆخەکەی پێشوو، بۆ؟ چونکە ئیتر فێری ئەوێ بووە.

زۆرێك لەوەی کە دەگاتە ئەوروپا پەشیمانە، بەڵام ئیتر تازە دەستی ڕۆشتووە بە کارەکەدا، زەحمەتە بگەڕێتەوە دۆخەکەی خۆی و پێشوو، تموحێکی لەبەردەمەو هەر دەڕوا بۆ ئەوەی بگات پێی، تا کۆنیش دەبێ وابەستەیی زیاد دەبێ و وردە وردە هەم خو دەگرێ بە جێگەکەوە هەمیش یادگاری بۆ دروست دەبێ، وەك ئەوە نییە کە هەر نەهاتووە، دواتر، زۆری ژن و منداڵی هەیە و منداڵی لە قوتابخانەیە ئیتر ناچار دەبێ خۆی بکاتە قوربانی منداڵەکانی و گەرچی بۆشی ئاسان بێ گەڕانەوە و زۆر لە خواستەکانی هێنابێتە دی، بەڵام بەرژەوەندی منداڵەکەی لەبەرچاو دەگرێ.

#ژیانی_هەندەران

هیچ شوێنێك بەقەدەر کوردستان خۆش نییە!

ئەوەش زۆر زۆر دەوترێ، بۆ ئەوەش دەڵێم نەخێر وا نییە، زۆربەی وڵاتەکان لە کوردستان خۆشترە، کەشوهەواو سەوزایی، جادەوبان و خزمەتگوزاری هەموو ئەو وڵاتانەی دراوسێش تا دەگاتە ئەوروپا هەر هەمووی لە کوردستان خۆشترە بە گشتی، بەڵام تۆ بەلانی کەمەوە کەسە یەکەمەکانت لە کوردستانە، تا دەگاتە خزم و دۆستانێکی زۆر، پڕکردنەوەی ئەوانە هەردەم ئاستەمە، بەڵام خەڵکی کوردستان دەتوانم بڵێم لە خەڵکی هەموو ئەوروپا باشترە. جوانیش وتراوە ئەو جێگە خۆشە کە دڵ پێی خۆشە، بەڵام جگە لەوەی دۆخی تایبەتی هەردەم جیاوازە، ژیان لە دەرەوە پێویستی بەهێزی باز و وە هێزی ئەقڵە.

خراپە زۆر زیاتر بەربڵاوە، ئاسانکاری بۆ بەدڕەوشتی زۆرە، شەرم بۆ کاری خراپە نامێنێ!

بەرەنگاری هەموو ئەوانە هێزێکی گەورەی ئیمانیی و هەمیش هیمەتێکی بەرزی دەوێ.

*خەڵكی شەرقی بە گشتی و وڵاتانی ئیسلامی هەمووی لە ئەوروپی باشترن، باشترن مەبەستم بۆ خۆمان باشترن، زیاتر لەیەك تێدەگەین، ڕۆحیەتی هاوکاری بۆ یەکتر زیاتر قوڵە تێماندا، دینەکەمان خاڵی هاوبەشی بۆ دروستکردووین، ئەگەر مولحیدیش بی و قژیشت ڕەنگ بکەیت و بە دەمی ڕێگەوە کوفریش بکەیت تۆ هەر شەرقیت نابی بە ئەوروپی، هەروەکو مسوڵمانیش سەیرت دەکەن، چونکە ئیعلام وێنەیەکی گشتی لە زەینی ئەوروپیدا دروست کردووە، لە چاوی ئەواندا بەوەش سوکتر دەبی، گەرچی موجامەلەشت بکەن، هەرگیز ناتوانی ڕۆحیەن لەگەڵیاندا تێکەڵ ببی، دەبێ هەردەم یاسات لە پێش چاو بێ، زۆرجار کارێکی ئینسانانەی تۆ دەبێتە کارێکی نا قانونی و دوور نییە پێشی بڕۆیتە زیندانەوە، لەبەر ئەوە هەرچی ڕویدا هەوڵبدە تەلەفۆن بۆ پۆلیس بکە، یان کەسێکەو کەوتووە تەلەفۆن بۆ ئیسعاف بکە، ئەوە باشترین و سەلامەتترین ڕێگەیە بۆ تۆ، گەرچی لەوەیە تا پۆلیس و ئیسعافیش فریا بکەوێ ئەوان لە دەست چووبن، بەڵام ئەوە بەرپرسیاریەتی ئەوانە نەك بەرپرسیاریەتی تۆ، بەرپرسیاریەتی تۆ ئاگادارکردنەوەیەو ئەوە باشترین کارە ئەگەر بیکەیت، هەیە ئەوەش ناکات!

لەوانەیە کەسێك ڕزگار وەك کوردی خۆمان دەڵێ عەشایەری، لەوانەیە ببی بە بەتەڵ فلیم، بەڵام بەخوا لەوانەش خراپ بەسەرتدا بشکیتەوە، ئەگەری دووهەمیش زیاترە تا یەکەم! ئەڵبەت زۆریش بەداخەوە.

ئەولەویەت بەکارەکانت بدە هەردەم، لەبەر شتێ شتێکی تر پەك مەخە، دەتوانی لەیەك کاتدا ٢ ئیش بکەیت، هەم بخوێنێ و هەمیش ئیش بکەیت، وە لە هەمان کاتدا چاوەڕوانی ئیقامەش دەکەیت، هەیە دانیشتووە خەفەت دەخواو دەستی ناچێتە هیچ و هەر دەڵێ: بەخوا ئیقامەکەم بۆ نەهاتەوە!

ئەوەی تۆ ئەتوانی بیکە، ئەوەی ناتوانی کوردەواری جوانی وتووە بیدە دەستی خوای گەورە.

لەپڕی نابی بە کوڕی، کورد جوانی وتووە، بەڵام لەوانەشە بە حەرام لە پڕدا ببی بە کوڕێ!

بەڵام کوڕێکی ساختە نەك ڕاستی، وە کوڕی ساختەش لەوەیە لەپڕی ببێ بە هیچ و زیندانی هەتا هەتایی بکرێ!

*دۆستێکم تەلەفۆی بۆ کردم وتی دێم بۆ بەریتانیا، منیش دۆخی ئەوم دەزانی و وتم نەکەی بەکەڵکی تۆ نایەت!

وتی: ئەی خۆت چ دەکەی لەوێ بە پێکەنینەوە.

بەقسەی نەکردم و گەشتە بەریتانیاو هاتە ماڵمان.

زۆر پەشیمان بوو، حەسرەتی زۆری دەخوارد، وتی: باشە تۆ بۆ پێت نەوتم ئاوایە!

وتم: واللە مەگەر لەبری وەڵام یەك کوتەکم بدایە بە تەوقی سەرتا ئەی چ بکەم، قسە هەر نەزەریە، بەڵام وەڵامی زۆر پرسیار دەبێ عەمەلی بێ!

دەگێڕنەوە پیاوێك ویستویەتی ئیمامی ئەبوحەنیفە لەبەرچاوی خەڵکی و قوتابیەکانی ئیحراج بکات و ٣ پرسیاری لێ دەکات و دەڵێ وەڵامەکانیم بدەرەوە:

١-من بڕوام وایە خوا نییە، گەر هەیە بۆ نابینرێ!

٢-ئیسلام دەڵێ: شەیتان لە ئاگر دروست کراوە، وە دواتر دەشچێتە جەهەنەم، ئێ جەهەنەمیش هەر ئاگرە، شتێك لە ئاگر دروستکرابێ ئاگر چۆن دەتوانێ ئازاری بدات!

٣-ئیسلام دەڵێ: مرۆڤ بەبێ خوا هیچی پێناکرێ، ئێ من کە مولحیدم کەوایە خواستی خوای لەسەرە، کەوابێ من تاوانم چییە!

ئەوساش لەبری ئەم سوراحی نایلۆن و ئیستیل و شتانە گۆزەی قوڕین هەبووەو ئاوی تێدا خوراوە، گۆزەیەك لەردەمی ئیمامی ئەبوحەنیفەدا دەبێ، ڕێك دەکات بە گۆزەکەداو دەیدات بە تەپڵی سەری کابراداو خەڵتانی خوێنی دەکات!

ئیمامی ئەبو حەنیفە مەعروفە جگە لە زانستە شەرعیەکەی کە خاوەنی مەزهەبێکە، زۆر زۆر لۆژکیش بووە، لە کوفەدا خاوەنی مەدرەسەی ئەهلی ڕەئی بووە، ئیتر ئەبو حەنیفە (نعمان بن ثابت) مەگەر بە وردی بیناسی تا بزانی من چی دەڵێم!

بۆیە خەڵکەکە بەلایانەوە زۆر سەیر دەبێ ئەم سیفەتەی ئیمامی ئەبو حەنیفە! کەس چاوەڕوانی کردارێکی وای لێ نەکردووە!، هەمووی بەجارێك ڕووی تێدەکات و دەڵێ: باشە بۆچی وات کرد؟!

ئەویش دەفەرموێ: وەڵامی پرسیارەکانیم دایەوە!

هەمووی بەجارێ دەڵێ: چۆن؟

وە کابراش هاوار و واوەیلای سەری دەکات!

ئەبو حەنیفە دەفەرموێ:

١-ئەو وتی: خوا ئەگەر هەیە بۆ نابینرێ، ئەم کەسەش ئێستە هاواری ئازاری سەری دەکات، کوا گەر ئازار هەیە ئازارەکە بۆ نابینرێ!

٢-وتی: شەیتان لەئاگر دروستکراوەو ئاگر چۆن ئازار بە شەیتان دەگەیەنێ لە کاتێکدا خۆی بە ئاگر دروستکرابێ، مرۆڤیش لە قوڕ دروستکراوەو ئەو گۆزەش قوڕە دامبەسەریدا بۆ دەبێ ئازاری پێ بگەیەنێ!

٣-ئەو دەڵێ من هەرچێ بکەم ئیرادەری خوای لەسەرەو من بۆ دەبێ تاوانباربم، ئێ منیش ئیستە تاوانم چییە وا هات بە خەیاڵمدا سەری ئەم کابرا بشکێنم.

ئیتر هەمووی بێدەنگ دەبێ، جا هەندێ کەس بەڕاستی لەبری وەڵام حەقە بیگری ٤ی گەرمی تێهەڵبدەیت بۆ ئەوەی تێبگات هههه.

*ئەوکەسانەی کە پێکەوە سەفەری دەرەوەمان کرد، هاوڕێم هەبوو لە ئیجەدا خنکا، هەمبوو لە ئیتالیا لەناو شاحینەدا خنکا، هەبوو لە تورکیا گەڕایەوە، هەبوو لە یۆنان سنورداش کرایەوە، هەبوو ئیقامەی وەرنەگرت و دواتر گەڕایەوە، هەبووە ٤ بۆ ٥ جار بەهۆی پەنجەمۆرەوە وڵات بە وڵاتی پێکراوە، هەیە ئا ئێستەش بەقاچاخ دەژی لە بەریتانیا، هەبوو دوای ٢٠ ساڵ ئیقامەی وەرگرت، بە گشتیش ئەوانی تر ژیانێکی زۆر زۆر ئاسایی و سادەیان بۆ خۆیان دروستکردووە، کەمینەیەکی زۆر کەم دەتوانم بڵێم لە هەزاردا ١ کەس بگاتە پلەیەکی باڵا دوای ئەو هەموو ئەزیەتە.

ئەو ١ دانانەش لە هەزارەکەدا ئێستە لە کوردستاندا مەکانەتێکی شیاویان پێنادرێ و پێی حەیفە بێتەوە کوردستان و بە واسیتەی نەخوێندەوارێك پلەیەکی سادەی پێ بدرێ.

هەیە بۆردی ئەڵمانی هەیە کەسێك موقابەلەی کردووە کە مەعهەدی سەحەی خوێندووە!

ئەدی کو وا دەبیتن... ئێ کابرا شەقی تێهەڵدەداو دەگەڕێتەوە، چونکە بۆ ئەو ئۆپشنی باشتر و بە حورمەتتر هەیە.

هیوادارم وەڵامی تەواوتان وەرگرتبێ.

هاشتاگی ئەم بابەتە بۆ دۆستەکانتان بنێرن و ڕاو سەرنجی کەسانی تر کە کۆمێنتیان کردووە با ڕۆشنکەرەوەی ژیانتان بێ.

لە کۆتایدا هەرکوێ بژاردەتان بێ یاخوا مۆفەقبن.