ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو له‌ یادی ڕاپەرین به‌یاننامه‌یه‌ك بڵاو ده‌كاته‌وه

دوایین نوێکردنەوە 2021-03-04 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌ 

ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌ یادی ڕاپەرینی خەڵكی كوردستان به‌یاننامه‌یه‌ك بڵاو ده‌كاته‌وه‌ و رایده‌گه‌ێنێت : یادی راپەرین، یادی هەستانی شاروشاخە ، یادی گڕكانی تۆڵەی کیمیا باران و ئەنفالە، یادی حەقسێنی سوتاندنی لادێ و رەز و باخە

ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌:

بسم الله الرحمن الرحيم
بەیاننامەی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی وكوردستان بە بۆنەی یادی راپەرینی شكۆداری خەڵكی كوردستان
.......................
جەماوەری شەرەفمەندی کوردستان
یادی راپەرین، یادی هەستانی شاروشاخە ، یادی گڕكانی تۆڵەی کیمیا باران و ئەنفالە، یادی حەقسێنی سوتاندنی لادێ و رەز و باخە. لەو رۆژەدا، لاوانی خوێن گەرم و، باوکانی تۆڵەسێن و، دایکان و خوشکانمان، توانیان مێژووی سەربەرزی و شانازی نەتەوەیی و نیشتیمانی، بە خوێنی خۆیان تۆمار بکەن. لە رۆژێکی بەهاری پرشنگداردا پێش (30) ساڵ، لە رانییەی دەروازەی راپەرینەوە، گەورە و بچووک، دیواری ترسی بەعسیان شکاند و سنگیان دایە بەر گولەی ستەم. لە رۆژانێکی کەمدا، وەک شەپۆلی زەریا، هەڵمەتیان برد و ئاڵای سەرکەوتنیان، لە هەموو كوردستان هەڵكرد .
راپەرین، وەک گرنگترین پێچی مێژوویی، سیستمێکی سیاسی حوکمڕانی پەرلەمانی لێکەوتەوە، کە چاوەڕێ دەکرا، لە مێژووی نوێی گەلەکەماندا، ببێتە خاڵی وەرچەرخانی حوکمڕانی کوردی.. هاوکات بناغەیەکی دامەزراوی ئابوری و سیاسی، بۆ کیانێکی سەربەخۆی نیشتیمانی دانێت، خەڵکی کوردستان، راپەرینیان بە دونیایەک خەونی پیرۆز و جوانەوە بەرپا کرد، کە ساڵەهای ساڵ بوو ، بۆی دەکۆشان و قوربانیان لە پێناودەدا ، بەڵام جێگای داخە، ئەو سیستەمە حوکمڕانییەی ، وەک بەرهەمی راپەرین هاتە بوون، نەیتوانی ئاواتەکانی خەڵکی راپەریو بێنێتە دی، دوای (٣٠) ساڵ حوکمڕانی، لە ئێستادا، ئامانجەکانی راپەڕین، لە بەردەم هەڕەشەی جۆراوجۆردایە.. قەیرانی کوشندەی دارایی و، لاوازی سیستمی تەشریعی و، دۆخی ناهەمواری حوکمڕانی و، ناكارایی سیستمی قەزائی، هەڕەشەی ستراتیژیی ترسناکن، لەسەر کۆی پرۆسەی سیاسی. هەموو ئەوانە وایکردووە، ئێستا هەرێمی کوردستان، وەک قەوارەیەکی دەستووری، لە هەر کات زیاتر گیرۆدەی قەیرانەكان دەرکەوێت.
ئەو راستیە قورسانە دەخوازێت، حیزبە دەسەڵاتدارەکان، پێداچونەی قوڵ و حەقیقی بە کۆی پرۆسەی حوکمڕانی هەرێمدا بکەن و، نەخشە رێگای ستراتیژی دەرباز بوون دارێژنەوە. هاوکات پێویست دەکات، لایەنە سیاسییەکان بەگشتی، راشکاوانە و بوێرانە تر، بگەڕێنەوە ناو خەڵک و، گرێبەستێکی تری کۆمەڵایەتی بکرێتە نەخشە رێگای هێنانەدی ئامانجەکانی راپەرینی خەڵکی کوردستان .

دروود و سڵاو بۆ گیانی شەهیدانی راپەرین و رێگای ئازادی و چاكسازی .


ئەنجومەنی جێبەجێكردنى
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
5/3/2021