ئەمڕۆ پاپا سەردانی عێراق دەکات

دوایین نوێکردنەوە 2021-03-05 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

 

بڕیارە ئەمڕۆ هەینی، رابەری کاسۆلیکەکانی جیهان، پاپا فرەنسیس بە سەردانێکی سێ رۆژە بگاتە عێراق و لە میانی سەردانەکەیدا چەند پارێزگایەکی ئەو وڵاتە و هەرێمی کوردستان بەسەردەکاتەوە.

ئەم سەردانەی پاپا فرەنسیس، بە یەکەم سەردانی مێژوویی بۆ عێراق دادەنرێت لەوەتەی بوونی بە رابەری کڵێسای کاسۆلیکی لە ئاداری ٢٠١٣.

بە گوێرەی کارنامەی سەردانەکەی، پاپا فرەنسیس دوای نێوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی لە رێگەی فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتیی بەغداوە دەگاتە عێراق.

پاپا سەرەتا لە هۆڵی کۆبوونەوە فەرمییەکانی فڕۆکەخانە، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی کۆدەبێتەوە.

دواتر لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار رێوڕەسمی فەرمی پێشوازییکردن لە پاپا فرەنسیس بەڕێوەدەچێت و دواتر لە نووسینگەی تایبەتی سەرکۆمار، لەگەڵ سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ئەحمەد ساڵح کۆدەبێتەوە.

دوای ئەو دیدارانەی، پاپای ڤاتیکان لە هۆڵی گەورەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی عێراق و دیپلۆماتکاران و نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی کۆدەبێتەوە و گوتارێک پێشکەش دەکات.

پاشان و لە هەمان شوێن لەگەڵ پیاوانی ئایینی مەسیحی کۆدەبێتەوە و دووبارە گوتارێک پێشکەش دەکات.

پاپا فرەنسیس لە دووەم رۆژی سەردانەکەیدا بۆ عێراق، رۆژی شەممە شەشی ئادار لە بەغداوە بەرەو شاری نەجەف بەڕێدەکەوێت و چاوی دەکەوێت بە مەرجەعی باڵای شیعە لە عیراق، عەلی سیستانی.

دواتر لە شاری نەجەفەوە دەچێتە شاری ناسرییە ناوەندی پارێزگای زیقار و لە شاری شوێنەواریی ئور چاوی بە پیاوانی ئایینی دەکەوێت و گوتارێک پیشکەش دەکات، پاشان دەگەڕێتەوە بەغدا.

 

- سەردانی بۆ هەرێمی کوردستان

پاپای ڤاتیکان، پاپا فرەنسیس لە سێیەم رۆژی سەردانەکەیدا بۆ عێراق، بەیانی رۆژی یەکشەممە حەوتی ئادار لە رێگەی فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتیی هەولێرەوە دەگاتە شاری هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان و لە هۆڵی کۆبوونەوە فەرمییەکانی فڕۆکەخانە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.

دواتر بەرە شاری مووسڵ ناوەندی پارێزگای نەینەوا بەڕێدەکەوێت و لە ناوەندی حەوشەی بەیعە (حەوشەی کڵێسا) لە مووسڵ نوێژ بۆ قوربانیانی تیرۆر ئەنجام دەدات.

پاشان بەرەو قەزای قەرەقۆش بەرێدەکەوێت و لە کڵێسای تاهیرە گوتارێک پێشکەش دەکات و دواتر دەگەرێتەوە شاری هەولێر.

ئێوارەی هەمان رۆژ، پاپا فرەنسیس لە یاریگای نێودەوڵەتیی فرەنسۆ هەریری بە بەشداریی نزیکەی ١٠ هەزار کرستیان بەشداریی لە رێوڕەسمێکی ئایینی دەکات و دوای تەواوبوونی رێوڕەسمەکان، بەرەو بەغدا بەڕێدەکەوێت.

بەیانی رۆژی دووشەممە ٨ی ئادار لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، پاپای ڤاتیکان، پاپا فرەنسیس بەرەو رۆما بەڕدەخڕێت و کۆتایی بە سەردانە فەرمییەکەی دێت.

هەفتەی رابردوو، سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح سەردانی پاپای ڤاتیکان و دیداری لەگەڵ مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراق، عەلی سیستانی بە "مێژوویی" وەسف کرد.

وەک ئامادەکاریی بۆ سەردانەکەی پاپای ڤاتیکان، شەقامەکانی ئەو پارێزگایانەی کە پاپا فرەنسیس سەردانیان دەکات کە هەریەک لە بەغدا، نەجەف، زیقار، نەینەوا و هەولێر دەگرێتەوە، بە وێنەی پاپا و تابلۆی بەخێرهێنان رازێنراونەتەوە.