ڕاگه‌یه‌نراوى كۆبوونه‌وه‌ى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان و فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق

دوایین نوێکردنەوە 2020-02-11 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info-  ئه‌مڕۆ 11/2/2020 له‌ سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌ولێر، به‌ سه‌رپه‌رشتیى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و به‌ ئاماده‌بوونى به‌ڕێزان جێگرانى سه‌رۆك، كۆبوونه‌وه‌یه‌كى هاوبه‌شى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، جێگرى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران و فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، ساز درا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخى عێراق و هه‌نگاوه‌كانى یه‌كخستنى هه‌ڵوێستى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و فراكسیۆنه‌كان و دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانى هه‌رێم بۆ چۆنیه‌تیى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پێشهاته‌كانى گۆڕه‌پانى سیاسیى عێراق و كوردستان، هه‌روه‌ها گفتوگۆ ده‌رباره‌ى هه‌نگاوى كرده‌یى بۆ پێكهێنانى هاوپه‌یمانیى فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان، تاوتوێ كران.

دواى گفتوگۆ و ڕاگۆڕینه‌وه‌ و تێبینیى فراكسیۆنه‌كان له‌سه‌ر چۆنیه‌تیى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ فیدراڵییه‌كان له‌ به‌غدا و باسكردنى نه‌خشه‌ڕێگه‌ى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پێشهاته‌كان له‌ عێراق، هه‌مووان كۆك بوون كه‌ پێویسته‌ به‌ یه‌كهه‌ڵوێستى مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ته‌واوى پرسه‌كان بكرێت و هه‌نگاوى كرده‌یى بنرێت بۆ پێكهێنانى هاوپه‌یمانى و په‌یڕه‌وێكى گشتگیرى بۆ ئاماده‌ بكرێـت كه‌ مایه‌ى په‌سه‌ندى هه‌موو فراكسیۆنه‌كان بێت.

كۆبوونه‌وه‌ به‌ گرنگییه‌وه‌ دۆخ و پێشهاته‌كانى عێراقى خسته‌ به‌ر باس و جه‌ختى له‌ پێویستیى گێڕانه‌وه‌ى ئارامى و سه‌قامگیریى ئه‌منى و سیاسى بۆ وڵات و به‌كارنه‌هێنانى توندوتیژى به‌رامبه‌ر به‌ خۆپیشانده‌رانى سڤیل و به‌ده‌نگه‌وه‌چوونى داوا ڕه‌واكانیان له‌ خزمه‌تگوزارى و ژیان و ئاینده‌یه‌كى باشتر كرده‌وه‌.

ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌‌ هه‌نگاونان بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى داهاتووى حكوومه‌تى فیدراڵى بوو، له‌مباره‌یه‌وه‌ ئاماده‌بووان كۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانى هه‌رێمى كوردستان و پاراستنى قه‌واره‌ ده‌ستوورى و سیاسییه‌كه‌ى و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى گه‌لى كوردستان و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێمى كوردستان، بنه‌ماى سه‌ره‌كیى هاوبه‌شى و به‌شداریى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌بێت، هه‌ر هه‌نگاوێكیش بۆ گفتوگۆى پێكهێانى كابینه‌ى تازه‌ى حكوومه‌ت به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌نێوان هه‌موو لایه‌نه‌كان و دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا ده‌بێت به‌ شێوه‌یه‌ك مافه‌كانى هه‌رێمى تێدا پارێزراو بێت و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانیش به‌شداریى كارایان له‌ دروستكردنى بڕیارى هاوبه‌شدا هه‌بێت.

كۆبوونه‌وه‌ دڵنیایى ده‌داته‌ گه‌لى كوردستان به‌ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانییه‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌ر گفتوگۆ و ڕێككه‌وتنێكدا، مافه‌كانى هاووڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان له‌ پێشینه‌ى بنه‌ما نه‌گۆڕه‌كانى هه‌مووان ده‌بێت.