دیجیتال میدیای سپێده
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان و ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەکە دەستی لەکارکێشایەوە و رایگەیاند: حزبێك نەتوانێت ڕیفۆرم و چاكسازی لەناوخۆی خۆیدا بكات، حەتمەن ناتوانێت ریفۆرم و چاكسازی لەدەرەوەی خۆیدا بكات.
عەبدولڕەحمان موهەندیس، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان لە نامەی دەستلەكاركێشانەوەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، پاش شكستهێنانی بزوتنەوەی گۆڕان لە هەردوو هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی (2018)، لە كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتیمانیدا وتم پێویستە دان بە شكستەكاندا بنێین و داوای لێبوردنیش لە خەڵك و جەماوەری گۆڕان بكەین، ڕووی قسەكانم لە بەڕێز رێكخەری گشتی كرد و داوام لێكرد دەست لەكاربكێشێتەوە لەگەڵ ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن، ئامادەیی خۆشم نیشاندا بەیەكەوە لەگەڵ ئەوان دەست لەكاربكێشمەوە، بەلام ئەوان نەیانكرد.
ئاماژەی بەوەشكردووە، من و (4) هاوڕێی دیكەی جڤات دژی چوونە ناو حكومەت دەنگماندا، بەڵام وەك موهەندیس دەڵێت: هەومو هەوڵ و صەبر و تەحەمولمان بێ هودە و بێ سوود بوو، خەلك و ئێمەیان بێ ئومێد كرد.
جەختیشی كردۆتەوە، بەدڵنیاییەوە ئەمجارەش لە هەڵبژاردنی داهاتوودا گۆڕانی تووشی شكستی قورستر دەكەنەوە، بۆیە تاكو زیاتر نەبم بە بەشێك لەو شكست و بیهەلوێستی و لاوازی ئەدا و بەرێوەبردنی بزوتنەوەكە، بەر لە (3) سێ مانگ لە ڕێكەوتی 6ـی12ـی2020 لە نامەیەكی دوو لاپەڕەییدا بڕیاری خۆمدا، وەك ناڕەزاییەك دەست لەكاركێشانەوەی خۆم لە سەرۆكی فراكسیۆنی گۆران لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر (ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان) پێشكەش بە ڕێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەراندن و جڤاتی نیشتیمانی كردوە.
دەقی نامەی دەستلەكاركێشانەوەكە:
(( ڕونكردنەوەی دەست لەكاركێشانەوەكەم))
پاش شكستهێنانی بزووتنەوەی گۆڕان لە هەردوو هەلبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی ( 2018 )، لە كۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانیدا گووتم پێویستە دان بە شكستەكاندا بنێین و داوای لێبوردنیش لە خەلك و جەماوەری گۆڕان بكەین، ڕووی قسەكانم لە بەڕێز رێكخەری گشتی كردو داوام لێكرد دەست لەكار بكێشێتەوە لەگەڵ ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن، ئامادەیی خۆشم نیشاندا بەیەكەوە لەگەڵ ئەوان دەست لەكاربكێشمەوە، بەلام ئەوان نەیانكرد، هەروەها وەك فراكسیۆن داوامان كرد نەچینە ناو حكومەت لەجیاتیدا ناوماڵی خۆمان رێكخەینەوە، لەدەنگدانی چونە ناو حكومەتیش من و (4) هاوڕێی دیكەی جڤات دژی چونە ناو حكومەت دەنگماندا، هاوڕێكانم لە جڤات ئاگادارن هەردەم ڕاشكاوانە ڕەخنەو تێبینیم لەسەر ئەدا و هەلوێست و بەڕێوەبەردنی بزووتنەوەی گۆڕان هەبووە، كەموكورتی و خالە لاوازەكانمان دەست نیشان كردوە، پێشنیارو چۆنیەتی چارەسەركردنیشیان لە ڕێگای دیسیپلینی حیزبیەوە خستۆتە ڕوو، جا بە تەنیا خۆم یان وەك كۆی فراكسیۆن بوبێت، بەنوسین و یاداشت بوبێت یان بەزارەكی، مەبەستمان تاكو زیاتر بزووتنەوەكە دورنەكەوێتەوە لەخەلك و لەو پرەنسیپ و ئامانجانەی كە لە پێناویدا دامەزراوە، بەلام بەداخەوە ئیستیجابەیان نەبوو، هەموو هەول و صەبر و تەحەمولمان بێ هودە و بێ سوود بوو، خەلك و ئێمەیان بێ ئومێد كرد، بەردەوامی بەڕێوەبەرانی بزووتنەوەی گۆڕان بەو جۆرە ئەجێندا و نەهج و كاركردنەیان، بەدڵنیاییەوە ئەمجارەش لە هەلبژاردنی داهاتوودا گۆڕانی توشی شكستی قورستر دەكەنەوە ، بۆیە تاكو زیاتر نەبم بە بەشێك لەو شكست و بیهەلوێستی و لاوازی ئەدا و بەرێوەبردنی بزووتنەوەكە، بەر لە (3) سێ مانگ لە رێكەوتی 6ی12ی2020 لە نامەیەكی دوو لاپەڕەییدا بڕیاری خۆمدا، وەك ناڕەزاییەك دەست لەكاركێشانەوەی خۆم لە سەرۆكی فراكسیۆنی گۆران لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ( ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان ) پێشكەش بە بەرێزان رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەراندن و جڤاتی نیشتیمانی كردوە.
تاكو ئێستاش من لەگەل هاوڕێكانم لە فراكسیۆن بەیەكەوە كار دەكەین، ئەوەی لە توانامدا بێت درێخی ناكەم و هەوڵی بۆ دەدەم، لە پێناو ئەو بەلێن و ئامانجانەی كە جاران خەلك لە بەرامبەریدا دەنگی پێداوین، حیزبێك نەتوانێت ڕیفۆرم و چاكسازی لەناوخۆی خۆیدا بكات، حەتمەن ناتوانێت ڕیفۆرم و چاكسازی لەدەرەوەی خۆیدا بكات، ئەوانەی ( گۆڕانی ئێستا ) بەڕێوە دەبەن، ئەگەر پابەندی پرەنسیپ و ئامانجەكانی جارانی گۆڕانن، پێویستە بەخۆیاندا بچنەوە و چیتر بزووتنەوە جەماوەریەكە گچكە و ناشیرین نەكەن….لەگەڵ رێزمدا.
(إِنَّ اللّهَ لَا يُغَيِّرُ مَا بِقَوْمٍ حَتَّي يُغَيِّرُواْ مَا بِأَنْفُسِهِمْ).
عبدالرحمن مهندس
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر
6ـی3ـی2021