هەولێر -KDP.info-سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ١١/٢/٢٠٢٠، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، پێشوازیی لە ئەندریۆ لێنتز، بەرپرسی کاروباری سیاسیی کۆنسووڵخانەی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر کرد.
لە دیدارێکدا کە ژمارەیەک پەرلەمانتاری فراکسیۆنە جیاوازەکان ئامادەی بوون، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بە وردی تیشکی خستە سەر دۆخی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و ئەو ئاڵۆزییانەی کە ڕوویان لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق کردووە. سەبارەت بە یاسای چاکسازی کە لە پەرلەمانی کوردستان دەنگی بۆ درا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تیشکی خستە سەر یاساکە و ڕایگەیاند، یاسای چاکسازی لەلایەن دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە پشتگیریی لێ کراوە و ئەو پرۆسەیەش بەردەوام دەبێت و سەرجەم سێکتەرەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە بە مەبەستی فەراهەمکردنی یەکسانی و دادپەروەریی زیاتر لە نێوان سەرجەم کایەکانی نێو کۆمەڵگەدا. سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە وردی باسی لەو کێشانە کرد و نیگەرانییەکانی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستانی لەمەڕ ئەو دۆخە نەخوازراوە خستە ڕوو و ڕایگەیاند، پێویستە ئەو توندوتیژییەی ڕوبەڕووی خۆپێشاندەران دەکرێت، ڕابگیرێت و سەرجەم کێشە و گرفتەکان بە ڕێگەی ئاشتیانە و دیالۆگ چارەسەر بکرێن، باسیشی لە پێویستیی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان کرد کە ئێستا مەترسییەکانی داعش زیاد بوونە و جموجۆڵەکانیان ڕووی لە فراوانی کردووە . لەلایەن خۆیەوە ئەندرۆ لێنتز، بەرپرسی کاروباری سیاسیی کۆنسووڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر وێرای خۆشحاڵیی خۆی بەو سەردانە، هاوکات هەڵوێستی فەرمیی ئەمەریکای گەیاند، کە پشتیوانی هەر هەنگاوێکی چاکسازین و بەردەوام دەبن لە پشتیوانیی هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژ بە تیرۆر .