وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف روونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه‌

دوایین نوێکردنەوە 2021-03-06 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

 دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌و ره‌تیكرده‌وه‌، رێكاری یاسایی به‌رامبه‌ر هیچ كه‌سێك بگرنه‌به‌ر كه‌ دژی سه‌ردانی قه‌داسه‌تی پاپای ڤاتیكان بۆ هه‌رێمی كوردستان.

له‌روونكردنه‌وه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینیدا هاتووه‌، له‌ چه‌ند په‌یجێك دوور له‌ پره‌نسیب و بنه‌ماكانی راگه‌یاندن و كاری رۆژنامه‌وانی هه‌واڵیكی نادروست بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، گوایه‌ . پشتیوان سادق وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی وتویه‌تی، "رێكاری یاسایی دژی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌گرینه‌به‌ر كه‌ دژی هاتنی قه‌داسه‌تی پاپای فاتیكانن".

راشیگه‌یاندوه‌، ئه‌م هه‌واڵه‌ سه‌ر له‌به‌ری دووره‌ له‌ راستی و ئامانجیان دروستكردنی ئاژاوه‌ و بڵاوكردنه‌وه‌ی رق و كینه‌یه‌ به‌مه‌به‌ستی ناشیرینكردنی ره‌وشی پێكه‌وه‌ژیان له‌ كوردستان، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ رێكاری یاسایی دژی ئه‌وانه‌ ده‌گرنه‌به‌ر كه‌ هه‌واڵی ناڕاست و بێ بنه‌ما بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ مه‌به‌ستی تایبه‌ت

پێشتر ده‌سته‌ی مافی مرۆڤی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاندبو، له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی ته‌له‌فۆنیدا، پشتیوان سادق وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئاینیی له‌گه‌ڵ زیا بتروسی ئاگاداركردوه‌ته‌وه‌، لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌چوارچێوه‌ی یاسادا رێوشوێن له‌دژی ئه‌و كه‌سه‌ ده‌گرنه‌به‌ر كه‌ سوكایه‌تی به‌ ئاینی مه‌سیحی و كه‌سایه‌تی پاپای ڤاتیكان ده‌كات و جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، "به‌رپرسان له‌ حكومه‌ت به‌ڕوی هه‌مو ئه‌و كه‌سانه‌دا راده‌وه‌ستن كه‌ تۆوی ناكۆكی و رق له‌نێوان گه‌لانی هه‌رێمی كوردستاندا ده‌چێنن.

تاهیر كه‌له‌باشی مامۆستای ئاینی له‌وتارێكدا كه‌ له‌هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی بڵاویكردوه‌ته‌وه‌ ره‌خنه‌ی توند له‌ پێشوازیكردن و ئه‌نجامدانی رێوڕه‌سم بۆ پاپای ڤاتیكان ده‌گرێت.