هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی فڕاکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا کۆ بوونەوە و دوای کۆبوونەوەکەش، سەرۆکی فڕاکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی ئاشکرای کرد، سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ئەرکی دانوستان لەگەڵ بەغدا دەگرێتە ئەستۆ، کاریش بۆ فڕاکسیۆنێکی یەکگرتوو دەکرێت.
جەمال کۆچەر، سەرۆکی فڕاکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان سەرۆکایەتیی ھەرێم و فڕاکسیۆنە کوردستانییەکان سەرکەوتوو بوو، تێیدا سێ تەوەر خرانە ڕوو، لەوانەش مەرجەکان بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق و پێکھێنانی ھاوپەیمانیی کوردستانی لە بەغدا، دواتر ڕەوشی بەغدا باس کرا کە ڕەوشەکە بەرەو کوێ دەچێت و گەیشتووەتە چ ئاستێک، بەتایبەتی لای ئێمە وەک نوێنەرانی کورد لە بەغدا، ئێمە لەنێو بەغداین و زیاتر ئاگاداری ڕووداوەکانین."
سەرۆکی فڕاکسیۆنی یەکگرتوو دەڵێت: "دوو بڕیار لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دران، بڕیاری یەکەم ئەوەیە ھەرێمی کوردستان دانوستان لەگەڵ بەغدا دەکات بۆ کابینەی نوێ، سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان بە بەشداریی لایەنە سیاسییەکان، ئەرکی دانوستانەکە دەگرێتە ئەستۆ."
پەیوەست بە ھاوپەیمانیی کوردستانی، جەمال کۆچەر ڕوونی کردەوە: "پڕۆژەیەک لەلایەن سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانەوە ئامادە کراوە و لایەنە سیاسییەکانیش پێداچوونەوەی بۆ دەکەن و تێبینیی خۆیانی لەسەر دەنووسن، دواتر کار لەسەر ئەوە کرێت ھەموو پێکەوە کار بۆ پێکهێنانی یەک فڕاکسیۆنی کوردستانی لە بەغدا بکەین، بەڵام پێم وابێت کۆبوونەوەی ئەمڕۆ زۆر گرینگ و سەرکەوتوو بوو لەسەر ئەو پرسانەی ئاماژەم پێ کردن."
قائید میرۆ