وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی: ژنان زۆرجار وه‌ك كاڵا مامه‌ڵه‌یان پێوه‌ ده‌كرێت

دوایین نوێکردنەوە 2021-03-07 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

 

وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی له‌باره‌ی رۆژی جیهانی ئافره‌تان بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، تا ئێستا له‌ زۆر شوێن و بواردا ژنان سه‌رزه‌نشت ده‌كرێن به‌ بیانوی شه‌ره‌ف و ناوزڕاندنه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌یان لێده‌كرێت، زۆرجار وه‌ك كاڵا مامه‌ڵه‌یان پێوه‌ ده‌كرێت.

له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا، وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند: زیاتر له‌ سه‌ده‌یه‌كه‌ خه‌ڵكی له‌ هه‌مو شوێنێكی جیهان، یادی رۆژی جیهانی ئافره‌تان ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و رۆژه‌ تایبه‌ت به‌ ئافره‌تانه‌ و له‌و رۆژه‌دا بو له‌ نیوۆرك ‌به‌ هه‌زاران ئافره‌ت رژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و داوای مافی كه‌مكردنه‌وه‌ی كاتژمێره‌كانی كاركردن و باشتركردنی بارودۆخیان ده‌كرد، له‌و كاته‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ یادی ئه‌و رۆژه‌ ده‌كرێته‌وه‌

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو: ئه‌مڕۆ له‌ سه‌را‌نسه‌ری جیهاندا ئافره‌تان له‌ كایه‌كانی سیاسی و سه‌ربازی و دیپلۆماسی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تیدا پێشه‌نگن و پێویسته‌ له‌سه‌ر ئه‌و ئاسته‌ مامه‌ڵه‌ و خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكرێت، له‌ هه‌مانكاتیشدا تا ئێستا له‌ زۆر شوێن و بواردا ژنان سه‌رزه‌نشت ده‌كرێن به‌ بیانوی شه‌ره‌ف و ناوزڕاندنه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌یان لێده‌كرێت و دورده‌خرێنه‌وه‌ به‌ بیانوی دابونه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تی په‌راوێزده‌خرێن، زۆرجار وه‌ك كاڵا مامه‌ڵه‌یان پێوه‌ ده‌كرێت.

له‌راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ئامه‌ژه‌ی به‌وه‌شدا: وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ كارنامه‌ی خۆیدا به‌ جدی كار بۆ پێداچونه‌وه‌ به‌و بارودۆخه‌دا ده‌كات و له‌ رێگای داموده‌زگاكانیه‌وه‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ده‌دات روبه‌روی هه‌مو زوڵم چه‌وساندنه‌وه‌یه‌ك ببێته‌وه‌ كه‌ به‌رامبه‌ر ئافره‌تان ده‌كرێت.