دیجیتاڵ میدیاى سپێده
به بۆنه‌ی رۆژى جیهانى ئافره‌تانه‌وه، یەكگرتووی خوشكانی ئیسلامی كوردستان به‌یاننامه‌یه‌كى بڵاوكرده‌وه‌و رایده‌گه‌یه‌نێت: ساڵ له دوای ساڵ گرفت و پێشهاتی نوێ ئارامیی و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌شێوێنێت و به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كان ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه, هه‌رێمی كوردستانیش له‌م هه‌لومه‌رجه به‌دوورنییه‌و قه‌یرانه سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیریه‌كان ئاسه‌واری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر هاوڵاتیان به‌گشتی و ئافره‌تان به تایبه‌تی به‌جێهێشتووه.
ده‌قى به‌یاننامه‌كه:
به‌ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان
به‌یاننامه‌ی سكرتاریه‌تی یه‌كگرتووی خوشكانی ئیسلامی كوردستان به‌بۆنه‌ی (8)ی مارس ڕۆژی جیهانی ئافره‌تانه‌وه
ژنانی سه‌ربه‌رزی نشتیمان ڕێكخراو و كه‌سایه‌تییه‌مرۆڤ دۆسته‌كان (8)ی مارس سمبولی و به‌رخودان و كۆڵنه‌دان و ڕووبوڕووبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵیی و گیان فیداییه له پێناو به‌دیهێنانی مافه‌ڕه‌واكاندا , له لایه‌كی دیكه‌وه, هێمای چه‌وساندنه‌وه‌و پێشێلكارییه له مێژووی مرڤایه‌تییدا , بۆیه ساڵانه(8)ی مارس , له‌سه‌رتاسه‌ری جیهاندا به‌رزڕاده‌گیرێت و ده‌كرێته وێستگه‌ی جۆشدانی خه‌بات و تێكۆشان له پێناو به‌دیهێنانی دونیایه‌كی پڕ له ئاشتی و خۆشگوزه‌رانی و دادپه‌روه‌ریی بۆ گرۆی مرۆڤایه‌تی بێ جیاوازی ڕه‌گه‌زو ڕه‌نگ و زمان و بیر‌و باوه‌ڕیانه‌وه.
مه‌خابن ساڵ له دوای ساڵ گرفت و پێشهاتی نوێ ئارامیی و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌شێوێنێت و به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كان ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه, هه‌رێمی كوردستانیش له‌م هه‌لومه‌رجه به‌دوورنییه‌و قه‌یرانه سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیریه‌كان ئاسه‌واری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر هاوڵاتیان به‌گشتی و ئافره‌تان به تایبه‌تی به‌جێهێشتووه.
به‌تایبه‌ت ئه‌نجامنه‌دانی چاكسازیی ڕاسته‌قینه و دواكه‌وتن و لێبڕینی مووچه‌و نه‌بوونی هه‌لی كار بۆ گه‌نجان له هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز نائومێدی و كێشه‌ی گه‌وره‌ی هێناوه‌ته كایه‌وه له‌وانه:
به‌رزی ئاماره‌كانی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خێزان و كه‌مبونه‌وه‌ی خواستی هاوسه‌رگیریی و كۆچی لاوان بۆ هه‌نده‌ران , كه‌سامانی مرۆیی ئایینده‌ی ئه‌م نیشتیمانه‌ن.
له لایه‌كی دیكه‌وه , هاوره‌ده كردنی كلتوری نامۆ دوور له تایبه‌تمه‌ندیی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی میلله‌ته‌كه‌مان و سه‌رقاڵكردنی لاوان به بابه‌تی ڕووكه‌ش و نه‌ڕه‌خساندنی بوار‌و هۆكاری پێویست بۆ پاڵپشتیكردنی خێزان له په‌روه‌رده‌كردنی ڕۆڵه‌كانی به شێوازێكی زانستی دروست , كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و كه‌سێتی و په‌روه‌رده‌ی تاكه‌كان له ئێستا‌و داهاتوودا به‌جێ ده‌هێلێت.
له‌م یاده‌دا , یه‌كگرتووی خوشكان جه‌ختده‌كاته‌وه له‌سه‌ر: -
ئه‌نجامدانی چاكسازی ڕاسته‌قینه به‌شێوازێك دادگه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌دی بهێنێت.
-دابینكردنی شایسته داراییه‌كانی هاوڵاتیانی كوردستان بێ دواخستن و لێبڕینی مافه‌كانیان.
-كاركردن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی هۆكاره‌كانی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خێزان و گه‌شه‌دان به ته‌بایی نێوان ئه‌ندامه‌كانی.
-چه‌سپاندنی به‌ها باڵاكان و پاراستنی خێزان به ڕێگرتن له هاورده‌كردنی كلتور‌و بیری نامۆ به ئایین و نه‌ته‌وه‌مان.
-سزادانی تاوانكاران و بكوژان به چه‌سپاندنی سه‌روه‌ری یاسا‌و ڕێزگرتن له مافی ژنان و ڕاده‌ربڕین.
یه‌كگرتووی خوشكانی ئیسلامی كوردستان مه‌كته‌بی سكرتاریه‌ت