دیجیتاڵ میدیاى سپێده
وەزیری بەرگریی ئێران، ئەمیر حاتەمی دوای ئەوەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، بێنی گانتز رایگەیاند: پلانەکانیان بۆ لێدان لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران نوێکردووەتەوە، هەڕەشەی ئەوەی کرد کە لە ئەگەری هەر هێرشێکدا، هێرش دەکەنە سەر تەل ئەبیب و حەیفا.
تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، ئەمیر حاتەمی لە میانی بەشداریکردنی لە چالاکیەکدا لە تاران، سەبارەت بە پلانەکانی بێنی گانتز بۆ ئەنجامدانی هێرشی دواوە.
وەزیری بەرگریی ئێران باسی لەوەکردووە کە ئێران خاوەنی توانای سەربازیی پێویستە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی خۆی و رایگەیاندووە 'لە ناوچەکەدا کەس رژێمی زایۆنیستی ناخوازێت، لەبەرئەوە ناچاربوون دەوری خۆیان بە دیوار داپۆشن، هەروەها بەهۆی ناچارییەوە هەندێک جار هەڕەشە لە ئێران دەکەن. ئەگەر هەڵەیەک بکەن تەل ئەبیب و حەیفا تەختی زەوی دەکەین'.
ئەمیر حاتەمی هەروەها باسی لەوە کرد کە گرووپەکانی پشتیوانکاری ئێران لە لوبنان، سووریا، عێراق و یەمەن هێزی نەرمی وڵاتەکین دژبە ئیسرائیل.
سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، ئافيف كوخافی لە ٢٧ی کانوونی دووەمدا، باسی لەوە کردبوو کە بەمەبەستی بەرگرتن لە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، فەرمانی داوە بە سوپا بۆ ئامادەکردنی پلانی کاری نوێ.
هەروەها وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، بێنی گانتز لە پێنجی ئاداردا رایگەیاندبوو کە سوپای ئیسرائیل پلانەکانی بۆ لێدان لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، نوێکردووەتەوە.