دیجیتاڵ میدیاى سپێده
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، دۆمینیك راب دەربارەی ئازادكردنی ھاووڵاتی ئێرانی- بەریتانی، نازەنین زاغەری-راتكڵیف، راگەیهنراوێكی بڵاوكردەوە.
دۆمینیك راب خۆشحاڵی خۆی بە ئازادكردنی زاغەری دەربڕیوە و باسی لەوەش كردووە كە ھێشتا ئەو كێشانە بەردەوامن كە حكوومەتی تاران بۆ زاغەری و خێزانەكەی دروستی كردوون.
راب ئاماژەی بەوەش داوە كە پێویستە نازەنین زاغەری بەیەكجاری ئازاد بكرێت و رێگەی پێبدرێت بگەڕێتەوە بۆلای خێزانەكەی لە بەریتانیا، و نووسیوویەتی: "بەردەوام دەبین لە ھەوڵدان بۆ ئەوەی زاغەری دووبارە بتوانێت بگەڕێتەوە بەریتانیا و وەزارەتی دەرەوەش كاردانەوەی بە بەرپرسانی ئێران راگەیاندووە".
ھاووڵاتی ئێرانی-بەریتانی، نازەنین زاغەری كە لە ساڵی ٢٠١٦دا بە تۆمەتی ئەنجامدانی كاری سیخوڕی لە ئێران دەستگیركرابوو، دوای كۆتایی ھاتنی ماوەی سزاكەی ئازادكرا.
لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ھەواڵی ئیسنا-ی ئێران، پارێزەرەكەی زاغەری، حوجەت كرمانی باسی لەوەكرد كە زاغەری دوای پێنج ساڵ مانەوەی لە زیندان ماوەی زیندانییكردنی كۆتاییھاتووە و ئازادكراوە.
حوجەت كرمانی ئەوەشی ئاشكراكردووە، كە لە ماوەی ساڵی رابردوودا زاغەری لە ماڵەكەی خۆیدا دەستبەسەر بووە و بڕیاریشە رۆژی ١٤ی ئادار بە تۆمەتی "بڵاوكردنەوەی پڕوپاگەندە دژی حكومەتی تاران" دووبارە بچێتەوە بەردەم دادگا.