هەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پەیامێكی لەبارەی ھێرشەكەی شەوی رابردووی داعش بۆسەر ناحیەی كوڵەجۆ بڵاو كردەوە و رایگەیاند: " چەندین جار ھۆشداریمان داوە كە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ھاوكاریكردنی ھەرێمی كوردستان و عێراق بەردەوام بێت".
دەقی پەیامی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان:
بەداخەوە دوێنی شەو لە ئەنجامی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر شارۆچکەی کوڵەجۆی سەر بە کفری، بەڕێوەبەر و دوو کارمەندی ئاسایش شەهیدبوون و چەند کارمەندێکیش بریندار بوون.
پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوکاری شەهیدەکان دەکەم و هیوادارم خوای مەزن بە بەهەشتیان شاد بکات و هیوای چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازم .
ئەم هێرشەی تیرۆریستانی داعش، نیشانی دەدات کە ئەم رێکخراوە تیرۆریستییە هێشتا بە تەواوی تێکنەشکێنراوە و، ئێمەش لەمبارەوە چەندین جار هوشداریمان داوە . بۆیە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوام بێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و ، کارکردن لە پێناو نەهێشتنی ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی سەرهەڵدان و چالاکبوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان .
مەسروور بارزانی
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
2019/11/30