دیجیتاڵ میدیاى سپێده
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ئامادەکارییەکانی پڕۆژەیاسای بوودجەی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢١ کرد و رایگهیاند: هیوادارین لایەنە عێراقییەکان پشتیوانی لە بانگەوازهكهى کازمی بکەن.
نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە لە کۆبوونەوەکەیدا کە جێگری سەرۆکی حکوومەت، قوباد تاڵەبانی ئامادەی بوو، گفتوگۆ دەربارەی دۆخی دارایی ئێستای ھەرێم و ئامادەکارییەکانی پڕۆژەیاسای بوودجەی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢١ و داتای خەرجی و داھاتی خەملێنراوی وەزارەتەکان کراوە.
ئاماژەی بەوەیشداوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، جەختکراوەتەوە لەوەی کە لە ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بوودجە، پێویستە ھەموو ئەگەرەکان لەبەرچاو بگیرێن و بوودجەیەکی واقیعی و شەفاف بێت و پشت بە داتا و داھاتی نەوتی و نانەوتی و کورتھێنان و خەرجی راستەقینە ببەستێت بەئامانجی برەودانی زیاتر، بە شەفافییەت لە دارایی گشتی ھەرێمی کوردستان.
راشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەکەدا، دوا پەرەسەندنەکانی پڕۆژەیاسای بوودجەی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی ٢٠٢١ تاوتوێکراوە کە بڕیارە ھەفتەی داھاتوو لە ئەنجوومەنی نوێنەران، دەنگی لەسەر بدرێت.
هەروەها هاتووە "سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جەختی لە ھەڵوێستی نەگۆڕی ھەرێمی کوردستان کردەوە، بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشە ھەلپەسێردراوەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەنێویشیاندا بابەتی شایستە داراییەکانی ھەرێم، لەسەر بنەمای دەستوور".
هەروەها باسی لەوەکردووە 'سەرۆکی حکوومەت ھیوای خواست، لایەنە عێراقییەکان، پێشوازی و پشتیوانیی لە بانگەوازی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ مستەفا کازمی بکەن لە پێناو چارەسەرکردنی ریشەییانەی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ'.