پارێزگاری سلێمانی دەنگۆی كاندیدكردنی رەتدەکاتەوە

دوایین نوێکردنەوە 2021-03-10 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و رایده‌گه‌ینێت، لە هەندێک کەس و پەیجەوە بابەتێکی "بێ بنەما و ناڕاست لەسەر ئێمە بڵاوکراوەتەوە، گوایە بزووتنەوەی گۆڕان ئێمەی بۆ سەرۆکایەتیی لیستی گۆڕان بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راسپاردووە، ئەم بابەتە دوورە لە راستییەوە".

لە روونکردنەوەکەی پارێزگاری سلێمانی باس له‌وه‌كراوه‌، ئێمە نە خۆمان بۆ کارێکی وا بەربژێر دەکەین، نە بزووتنەوەی گۆڕانیش داوایەکی وەهای لە ئێمە کردووە، نە یاسای هەڵبژادنەکانی عێراقیش بەو شێوەیەیە کە ئەو بەڕێزانە خەیاڵی دەکەن و کارەکتەری بۆ دادەتاشن.

هەڤاڵ ئەبوبەکر ئه‌وه‌شی راگه‌یاندووه‌، قۆناخی تێپەڕاندنی بەشی زۆری قەیرانەکانە و قۆناخی رێککەوتنی حکومەتی ئیتحادیی و حکومەتی هەرێمی کوردستانە و گۆڕانێکی بونیاتییە لە بونیاتی دەوڵەتداری لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا و دەستپێکردنەوەی کار و پرۆژەکان و بووژانەوەی بازاڕ و دەرفەتی کار و بەرپابوونی سەقامگیریی گشتییە".


هەڤاڵ ئەبوبەکر ئەوەشی خستووەتەڕوو "قۆناخی نوێ لای ئێمە بەرەوپێشچوونی ژیانی گشتی و پاراستنی شکۆ و حکومڕانیی باش و دەوڵەتداریی دەستوریی و ئارامیی و ئاسایش و ئازادیی و دادپەروەریی و یاساسەروەریی و بووژانەوەی ئابووری و خزمەتگوزاری و سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنانە، نەک پلە و پایە و پۆستی تایبەتیی ئێمە، کە زۆر کەس خۆیان لێداو نەیانتوانیی متمانەی هاووڵاتییان بۆ هیچ یەکێک لەو ئەرکانە بەدەستبێنن، یان هەندێکیان متمانەیان درایە و ئێستا کەس نازانێت رۆژانە چی دەکەن و ئاو بە ئاشی کێدا دەکەن".