هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: "لە كابینەی نوێی حكوومەتی عێراقدا، ئەولەویەتمان جێبەجكردنی ئەو رێككەوتنانە دەبێت، كە پێشتر لەگەڵ حكوومەتی عێراقدا لەسەریان پێكهاتووین".
ئارام باڵەتەیی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "سەبارەت بە كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق، تا ئێستا دانوستانمان لەسەر هیچ وەزارەتێكمان نەكردووە، تەنیا پرەنسیپە گشتییەكانمان گفتوگۆ كردووە و داواش كراوە هەمووان پابەندی دەستوور بن و ئەو رێككەوتنانەش كە له نێوان و هەولێر و بەغدادا هەن، جێبەجێ بكرێن، بە تایبەت رێككەوتن لەسەر بودجەی ٢٠٢٠".
ناوبراو گوتیشی: "ڕێككەوتن لەسەر بودجەی ٢٠٢٠، قۆناغی زۆر باشی بڕیبوو و لە ئەنجوومەنی وەزیرانیش دەنگی لەسەر درابوو، بەڵام دواتر حكوومەت بوو بە حكوومەتی كاربەڕێكەر، ئێستاش هەموو هەوڵیك دەدەین ئەو یاسایە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران ڕەوانە بكرێت و دەنگی لەسەر بدرێت".
باڵەتەیی ئاماژەشی دا، ئەگەر ئەنجوومەنی وەزیران یاسایەكی نوێ بۆ بودجە دەربكات، ئەوا پەسەندكردنی بودجە زیاتر لە ٣ مانگی تر دوادەكەوێت و كێشەی دیكە ڕووبەڕووی عێراق دەبنەوە.
"ئەوەی ئێستا بۆ خەڵكی عێراق و هەرێمی كوردستانیش گرنگە، پەسەندكردنی بودجەیە، چونكە عێراق پێویستی بە پەسەندكردنیەتی". باڵەتەیی وا دەڵێ.
كــاروان بــاعەدری