هەولێر-KDP.info- رۆژی چوارشەممە 12ـی 2ـی 2020 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی پارێزگار و جێگری پارێزگاری پارێزگاكانی نەینەوا و كەركووك و بەغدا و ئەنبار و دیوانیە و زیقار و سەلاحەددین و واست و میسان و نەجەف و كەربەلا و بەسڕا و دیالی و موسەننا و هەولێر كرد.
لە دیدارەكەدا كە ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دكتۆر سەباح ئەلدلێمی وەزیری پلاندانانی عێراق ئامادەی بوون، شاندی میوان پێزانینیان بۆ سەقامگیری و بووژانەوە و پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان هەبوو و داوایان كرد ئەزموونی سەركەوتووی هەرێم بۆ پارێزگاكانی تری عێراقیش بگوازرێتەوە. هەروەها سوپاسی گەلی كوردستان و حكوومەتی هەرێمیان كرد كە لە كاتی پەلاماری تیرۆریستان و لە ڕۆژانی دژواردا بوونە پەناگەی سەدانهەزار ئاوارەی عێراقی. ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە ستاییشی ڕۆڵی مێژوویی سەرۆك بارزانیان كرد و وێڕای ئاماژەدان بە قەیرانی ئێستای عێراق داوایان كرد كە سەرۆك بارزانی ڕۆڵی كاریگەری هەبێت لە چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق و گەڕاندنەوەی سەقامگیری و هیوا بۆ عێراق.
هەر لەو دانیشتنەدا سەرۆك بارزانی وتەیەكی پێشكەشی ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە كرد و بۆچوون و تێڕوانینی خۆی سەبارەت بە بارودۆخی سیاسیی عێراق خستەڕوو و ڕۆشناییشی خستەسەر ئەو هۆكارانەی كە قەیران و كێشەكانی ئێستای عێراقی لێ كەوتووەتەوە. سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە ئەزموونی سەركەوتووی هەرێمی كوردستان، ڕاشیگەیاند كە ئەگەر لە عێراقدا ئاشتەوایی ڕاستەقینە پەیڕەو كرا با و هەموو لایەك پابەندی دەستوور بان ئێستا عێراق لە دۆخێكی باشتر دەبوو. لە درێژەی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی جەختی لە فەرهەنگی لێبوردەیی و پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكانی عێراق كردەوە و پەیوەست بە پەیوەندیی نێوان هەرێم و پارێزگاكانی عێراق پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ برەودانی ئەو پەیوەندییانە و كاری هاوبەش لەبواری گەشەپێدان و ئاوەدانكردنەوە ڕاگەیاند.