هەڵەبجە تەنها بەماتەم دەتوانێت ئازاری خۆی ساڕێژبکات

دوایین نوێکردنەوە 2021-03-16 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

لەساڵیادی ۳۳ هەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا درود و سڵاو بۆ ڕۆحی شەهیدان دۆعای شیفا بۆ برینداران و بەرکەوتوان دەخوازین
هەڵەبجە لە ماوەی ڕابردودا زۆری لەسەر وتراوە وهەڵدراوە بەشان و باڵای پێگە و مێژوو و قوربانیەکانی ئەم شارە خێر لەخۆنەدیوە، بەڵام کەمی لەسەر زەمینی هەڵەبجەدا بەرجەستەبووە،بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ بێباکی دەسەڵاتی کوردی بەرامبەر بەم شارە و پەراوێزخستنی بەبەرنامە بەڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ ، زۆر بەرنامە هەبوون و هەن بۆ پەراوێزخستن و بەرەودوابردنی هەڵەبجە لەپشت پەردەوە بەڵام داخی گرانم هەر قبوڵ دەکرێت
ئەوەی من دەمەوێت بەڕوونی لەبارەیەوە بڵێم ئەوەیە کە هەڵەبجە لەساڵانی کۆن و تائەم ساڵانەی دواییدا بەکۆمەڵێک بەرنامە و مەڕاسیمی تایبەت یادی هەڵەبجە دەکرایەوە بەجۆرێک هەوو خەڵکی شار بەگەنج و پیر و ژن و پیاو بەشداریان دەکرد و لەهەمان ڕۆژدا بەکۆمەڵێک چالاکی دیکە وەک شانۆگەری و پێشناگای وێنەیی دەیان بەرنامەی تەلەفزیۆنی دەبونە میمبەری هەڵڕشتنی خەم و ئازار و ناسۆریەکانی هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان، بەندە پێم وایە ئەمانە هەموو وێستگەی خاڵی کردنەوەی ئازاری هەڵەبجەییەکان بوو لەلایەکی دیکە جەختکردنەوە و نوێکردنەوەی ئەو ئازارەبوو کەلەڕابردوو لەئێستادا هەبوو، بەڵام لەچەند ساڵی کۆتاییدا هەوڵی زۆر درا کەوا بەناوی ئەوەی باهەوڵبدەین چیدیکە یادەکانمان هەر گریان و خەم و ئازار نەبێت دەهاتن بەسازکردنی کۆنسێرت و مەراسیمی وتاری فریودەری دەسەڵاتداران یادەکەیان دەکردەوە و پارەیەکی زۆری بۆ خەرجدەکراو بەهەدەر دەدرا

بۆیە من وای دەبینم هەر ئەو مەراسیمە سادەیەی جاران ڕێکبخرێتەوە کەخەڵکی شار بێ جیاوازی و بەسادەیی لە فولکەی عومەری خاوەرەوە تا مەزاری شەهیدان بەپێ و بەخوێندنەوەی کۆمەڵێک پەخشان و شیعری هەڵەبجەییانە مەراسیمەکە بکرێتەوە
ئاخر ئەوە ئاوای نەی یەکەی (محمد موسوی) و سیروان دەخیلەکەی (میدیا حسین) و بەتەنها جێی مەهێڵن و و گۆرانیەکەی عەدنان کەریمە کەڕۆحی کردووە بەبەر یادی هەڵەبجەدا
بۆیە لەکۆتایدا دەڵێم هەڵەبجە تەنها بەماتەمینی دەتوانێت تەعبیر لەناخ و ئازارەکانی بکات
ئاخر ئەوە هەر کەس و کاری شەهیدان نین کەئازار و ناسۆریان هەبێت
هەر تاکێکی هەڵەبخەیی بەڵام (نیشتەجێی هەڵەبجە) خەم و ئازار و مەینەتی زۆر زیاتری هەیە ، چون ئەوان بە قەرەبویەکی ماددی کەم قەرەبوو کراونەتەوە بەڵام ئەوانەی ماون هەمیشە و ڕۆژانە باجی هەڵەبجەیی و مانەوەیان لەهەڵەبجەدا دەدەن تەنها تاوانیان ئەوەیە کە هەڵەبجەین و شارەکە جێناهێڵن

ئومێدەکەم دەسەڵات لایەکی جدیی لەم شارە بکاتەوە هەوڵبدات تەنها هەر ساڵە و پڕۆژەیەک بەڵام پڕۆژەی ستراتیژی و پێویست جێبەجێبکات بۆ ئەم شارە
ئەوا بەتێپەڕبوونی ساڵەکان پڕۆژەکان زیاتر و زۆرتر دەبن.